رووسیا: 47 درۆنی ئۆکراینامان خستە خوارەوە


رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسانی رووسیا و ئۆکراینا دەڵێن، سوپای وڵاتەکانیان دەیان درۆنی یەکدییان خستووەنەتە خوارەوە. 

ئەمڕۆ شەممە، 12-10-2024، بەرپرسانی ئۆکراینا و رووسیا رایانگەیاند، درەنگانی شەوی رابردوو سوپای وڵاتەکانیان بە دەیان درۆن هێرشیان کردووەتە سەر یەکدی. 
 
وەزارەتی بەرگریی رووسیا لەو بارەیەوە بڵاویکردەوە، 47 درۆنی ئۆکراینایان خستوەتە خوارەوە، لەنێویاندا 17یان لە ئاسمانی باشووری رۆژهەڵاتی شاری کراساندۆر، 16یان لە ئاسمانی دەریای ئازۆڤ و 12یان لە ئاسمانی شاری کورسک. 
 
هێزی ئاسمانیی ئۆکرایناش دەڵێت، 28 درۆنی رووسیایان خستوەتە خوارەوە کە 24یان لە ئاسمانی ناوچەکانی سەمی، پۆڵتاڤا، دنیپرۆ، میکۆلایڤ، زاپۆرۆژیا و خێرسۆن بوون. 
 
بەرپرسانی رووسیا دەڵێن، لە ئەنجامی هێرشە درۆنییەکەی ئۆکراینا کەسێک کوژراوە. بەرپرسانی ئۆکرایناش دەڵێن، بەهۆی هێرشەکەی رووسیاوە 4 کەس بریندار بوون. 
 
جەنگی رووسیا و ئۆکراینا 24 شوباتی 2022 دەستیپێکرد و هەمیشەش هەردوولا درۆنیان وەک چەکێکی کاریگەر لە شەڕەکەدا بەکارهێناوە.