رووسیا بەشێکی هەرێمی کورسکی کۆنترۆڵکردەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

رووسیا دەڵێت بەشێکی زۆری خاکی هەرێمی کورسک، لە رۆژئاوای وڵاتەکەی لە دەستی ئۆکراینا وەرگرتووەتەوە. سەرۆکی ئۆکراینا داوا دەکات بەریتانیا و ئەمریکا رێگەی پێبدات قووڵتر هێرش بکاتە نێو خاکی رووسیا؛ رووسیاش هەڕەشەی وەڵامدانەوە دەکات.
 
رۆژی پێنجشەممە، 12-09-2024، وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە تۆڕی تەلەگرام بڵاویکردەوە: "یەکەکانی گرووپی سەربازیی باکوور توانیان 10 گوند لە دوو رۆژدا کۆنترۆڵبکەنەوە."
 
لە هەمان رۆژ، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند: "رووسییەکان دەستیان بە هێرشی پێچەوانە کردووە."
 
سەرۆکی ئۆکراینا هیچ وردەکارییەکی دیکەی باسنەکرد، جگە لەوەی کە گوتی، هێشتا هێرشی ئۆکراینا بەردەوامە و پلانەکە وەکو خۆی جێبەجێ دەکرێت.
 
رۆژی 06-08-2024 ئۆکراینا بە شێوەیەکی چڕ و فراوان هێرشیکردە سەر هەرێمی کورسک کە هاوسنووری خۆیەتی. لە هێرشەکەدا، سوپای ئۆکراینا توانیان بە سەتان کیلۆمەتر بچنە پێشەوە و چەندین سەربازی رووسیش بە دیل بگرن.
 
ئەم هێرشەی ئۆکراینا، لە جەنگی دووەمی جیهانییەوە، گەورەترین هێرشی سوپایەکی بیانی بوو بۆ سەر رووسیا. هەر لە سەرەتای هێرشەکەوە، رووسیا جەختی لەوەکردەوە کە هەموو شتێک دەکەن بۆ ئەوەی کۆتایی بە لەشکرکێشییەکەی ئۆکراینا بهێنن و دەریان بکەن.
 
لە کۆتایی مانگی ئابی ئەم ساڵ، ئۆلیکساندەر سیرسکی، سوپاسالاری ئۆکراینا رایگەیاند، ئۆکراینا 100 گوندی هەرێمی کورسکی گرتووە و هەزار و 300 کیلۆمەتر چووەتە پێشەوە.
 
رۆژی پێنجشەممە ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە وارشۆی پایتەختی پۆڵەندا گوتی: "کاتێک بەرەو پێشەوە هەنگاو دەنێین، بەردەوام دەبین لە کردنی ئەو شتەی کە هەمیشە کردوومانە کە بریتییە لە خۆگونجاندن، لەوانەش سەرنج خستنە سەر  ئەوەی چۆن ئۆکراینا بتوانێت باشتر بەرگریی لەخۆی بکات."
 
ئێستا ئەمریکا تەنیا رێگە بە ئۆکراینا دەدات کە هێرش بکاتە سەر ئەو ناوچانەی رووسیا کۆنتڕۆڵی کردوون، نەوەک ناوچە رووسییەکان. هەروەها، رێگەشی پێداوە کە هێرش بکاتە سەر چەند خاڵێکی سنووریی دیاریکراوی رووسیا.
 
کیێڤ داوای زیاتر دەکات، ئەو دەیەوێت هێرش بکاتە سەر ئامانجە سەربازییەکانی مۆسکۆ. لە گوتارەکەی ئەمڕۆیدا زیلینسکی گوتی: "ئەگەر ئەمریکا و بەریتانیا رێگەمان نەدات زیاتر و قووڵتر هێرشبکەین، درەنگ دەکەوین، ئەم درەنگ کەوتنەش دەبێتە هۆی ئەوەی رووسیا زیاتر بێتە پێشەوە."
 
زیلینکسی هەروەها ئاماژەی بەوەدا: "ئەمڕۆ، داگیرکارەکان لە هەرێمی دۆنێتسک هێرشیان کردە سەر چەند ئۆتۆمبێلێکی رێکخراوی خاچی سووری مرۆیی و سێ کەسیان لێ کوشتن. ئەمە تاوانێکی دیکەی جەنگی رووسیایە."
 
بڕیارە بەیانی هەینی 13-09-2024 جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی میوانداریی لە کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بکات و پێداچوونەوە بەو داواکارییەی کیێڤ بکەن.
 
رۆژی چوارشەممە، 11-09-2024 کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا – کرێملن رایگەیاند: "ئەگەر ئەمریکا و بەریتانیا رێگە بۆ ئۆکراینا بکەنەوە، ئێمەش وەڵامی گونجاومان دەبێت."
 
لەوکاتەوەی هێرشی سەر هەرێمی کورسک دەستی پێکردووە، رووسیا هێرشە درۆنی و ئاسمانییەکانی زیاتر کردووە. هەربۆیە، ئاندری سیبیگا، وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا داوای لە هاوتا ئەمریکییەکەی کرد کە داوا لە وڵاتەکانی دراوسێی ئۆکراینا بکات، یارمەتیی کیێڤ بدەن لە بەرپەرچدانەوەی مووشەک و درۆنەکان.
 
لە پۆکرۆڤسکی رۆژهەڵاتی هەرێمی دۆنێتسک لە ئۆکراینا جەنگ بەردەوامە. ئیدارەی شارەکە لە پۆستێکی تەلەگرام بڵاویکردەوە: "رووسییەکان ئاویان لەسەر شاری پۆکرۆڤسک بڕیوە."