رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، ئەو ئەمریکییانەی لە هەریەک لە کەمپەکانی هۆڵ و رۆژ لە رۆژئاوای کوردستان کە تایبەتن بە کەسوکاری ئەو بیانییانەی کە لە ریزی چەکدارانی داعش بوون، دەگێڕنەوە وڵاتەکەیان و هانی وڵاتانی دیکەی جیهانیش دەدەن کە هەمان کار ئەنجام بدەن.
رۆژی سێشەممە، 12ی ئەیلوولی 2023، ماتیۆ میللەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیاری دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی واشنتنی رووداو رایگەیاند، خێزانێکی 10 کەسی و هاووڵاتییانی دیکەی ئەمریکی لە کەمپەکانی رۆژئاوای کوردستان کە تایبەتن بە کەسوکاری چەکدارانی داعش دەگێڕنەوە وڵاتەکەیان. دەشڵێت، زانیاریی تەواوەتییان لەبارەی ژمارەی ئەو هاووڵاتییە ئەمریکییانە نییە کە لەو کەمپانەدان.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، "وڵاتانی دیکەی جیهانیش هان دەدەین کە هاووڵاتییانیان بگێڕنەوە و تێکەڵی کۆمەڵگەیان بکەنەوە." هەروەها دەشڵێت، "هەر کاتێکیش گونجاو بوو، ئەو هاووڵاتییانەیان دادگەیی بکەن کە لە ناوەندەکانی راگیران و کامپەکانی ئاوارەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریادا بوون، بە جۆرێک کە لەگەڵ پابەندییەکانیان، یاسا نێودەوڵەتییەکانی بواری مافەکانی مرۆڤ و یاسای کۆچبەرانی نێودەوڵەتی هاوتا بێت."
کەمپی رۆژ دەکەوێتە باکووری رۆژئاوای سووریا و نزیک لە سنوورەکانی عێراق و کەمپی هۆڵیش دەکەوێتە نزیک شاری حەسەکە. هەردوو کەمپەکە تایبەتن بە لەخۆگرتنی کەسوکاری چەکدارانی داعش.
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو و ماتیۆ میللەر:
پەیامنێری رووداو: ئایا ئێوە ئەو خێزانە ئەمریکییە کە ژمارەیان 10 کەسە دەگەڕێننەوە کە لە کەمپەکانی هێشتنەوەی خێزانی چەکدارانی داعشن لە باکووری سووریا؟ ئایا هیچ هاووڵاتی یان خێزانێکی دیکەی ئەمریکی لەو کەمپانە هەن؟
ماتیۆ میللەر: بەڵێ ئێمە کار دەکەین بۆ گێڕانەوەی ئەو خێزانە. گێڕانەوەی خێزان و هاووڵاتییانی بیانی بۆ وڵاتەکانیان تاکەچارەسەری دوورمەودای دۆخی مرۆیی و ئەمنییە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا. ئێمە وڵاتانی دیکەی جیهانیش هان دەدەین کە هاووڵاتییانیان بگێڕنەوە و تێکەڵی کۆمەڵگەیان بکەنەوە؛ هەر کاتێکیش گونجاو بوو، ئەو هاووڵاتییانەیان دادگایی بکەن کە لە ناوەندەکانی راگیران و کامپەکانی ئاوارەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریادا بوون، بە جۆرێک کە لەگەڵ پابەندییەکانیان، یاسا نێودەوڵەتییەکانی بواری مافەکانی مرۆڤ و یاسای کۆچبەرانی نێودەوڵەتی هاوتا بێت. من زانیاریی زیاترم لەسەر ژمارەی دیاریکراوی هاووڵاتییە ئەمریکییەکان لەوێ نییە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ