گالەری

چاوەڕوانیی بەکارهێنەرانی بەرهەمەکانی ئەپڵ، کۆتاییهات و کۆمپانیاکە بەرهەمی 'ئایفۆن 15'ـی راگەیاند، کەمترین نرخ لە 799 دۆلارەوە دەستپێدەکات، بە کێبڵی تایپسیی [USB-C] بارگاویی دەکرێت. 

رۆژی سێشەممە 12-9-2023، کۆمپانیای ئەپڵ لە بۆنەیەکدا بەرهەمەکانی ئایفۆن 15ـی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "نرخی ئایفۆن 15 لە 799 دۆلارەوە دەستپێدەکات، ئایفۆن '15 پڕۆ'ـش، نرخەکەی لە 999 دۆلارەوە دەستپێدەکات." 

کۆمپانیای ئەپڵ، هاوشانی بڵاوکردنەوەی مۆبایلی ئایفۆن 15، رایگەیاندووە، کاتژمێرێکی زیرەکی بە رێژەی %95 لە تیتانیۆم دروستکردووە کە پاترییەکەی بۆ ماوەی 72 کاژێر کاردەکات، بیستۆکێکیشی بەشێوەیەکی پێشکەوتووتر بەرهەمهێناوە. 

کۆمپانیای ئەپڵ باس لە کوالێتی کامێراکانی ئایفۆنە نوێیەکە دەکات و دەڵێت، وێنە و ڤیدیۆکان وەکو "وێنەی ژیان"ـن، دوو کامێرای بەشی سەرەوەی بەشێوەی 3D وێنە دەگرن، لەچوارچێوەی سیستمی [Vision Pro] و بە قەبارەی 48 مێگاپێکسڵ وێنە دەگرن. 

لەبارەی شێوازی بارگاوییکردنی ئایفۆن 15 ئاماژەی بەوە کردووە، لەم وەشانە نوێیەی ئایفۆندا، کۆمپانیاکە بە کێبڵی TYPE - C بارگاویی دەکرێتەوە، پێچەوانەی بەرهەمەکانی ئایفۆن 13 و 14ـە کە کێبڵی بارگاوییکردنەوەکە لەناو بۆکسەکەیدا بەردەستە. 

لەبارەی رەنگەکانییەوە، ئەپڵ بۆ بەرهەمە نوێیەکەی سێ رەنگی دەستنیشانکردووە، ئەوانیش، 'رەش، شین و رەساسی'ن.  

لە ئایفۆن 15ـدا خزمەتگوزارییەک بۆ بەکارهێنەرانی بەکارخراوە، کە مۆبایلەکە دەتوانێت پەیوەست بکرێت بە مانگی دەستکردەوە. ئەپڵ دەڵێت، بۆ ماوەی دوو ساڵ بەکارهێنەران دەتوانن بەخۆڕایی ئەو خزمەتگوزارییە بەکاربهێنن. 

ئەپڵ رایگەیاندووە، نرخەکان بە هەمان نرخی ساڵی رابردوو دەستپێدەکات، ئایفۆن 15 پڕۆ لە 999 دۆلارەوە دەستپێدەکات و ئایفۆن 15 پڕۆماکس لە هەزار و 199 دۆلارەوە دەستپێدەکات.