سەرۆکی پێشووی کەتەلۆنیا بۆ رووداو: بۆ سەربەخۆیی پشتیوانی کوردستانین
رووداو - بارسێلۆنا
هەزاران کەس لە بارسێلۆنا بۆ پشتیوانی لە گشتپرسی 1-10 ی ئەمساڵی کەتەلۆنیا رژانە سەر شەقامەکان کە 85 ساڵە خراوەتە سەر ئیسپانیا. سەرۆکی پێشووی کەتەلۆنیاش لە کەرنەڤاڵەکەدا بەشداربوو و پشتیوانی خۆی و خەڵکی هەرێمەکەی لە هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی بۆ باشووری کوردستان دەربڕی.
هەرچەندە حکومەتی ئیسپانیا دژی گشتپرسییە، بەڵام پەرلەمانی کەتەلۆنیا رۆژی 1ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵی بۆ ئەنجامدانی گشتپرسی دیاریکردووە، کە دەکاتە 6 رۆژ دوای گشتپرسییەکەی باشووری کوردستان.
ئەرتور ماس، سەرۆکی پێشووی هەرێمی کەتەلۆنیا، لە 27ی سێپتێمبەری 2014 مەرسومی ئەنجامدانی گشتپرسی بۆ جیابوونەوەی هەرێمەكە لە ئیسپانیا واژۆكرد، بەم هۆیەوە درایە دادگا و بۆ ماوەی 2 ساڵ کاری سیاسی لێ قەدەخەکرا. ئەو ئێستا بە ئەنجامدانی گشتپرسی کەتەلۆنیا دڵخۆشە و پشتگیری لە گشتپرسی کوردستانیش دەکات.
ئەرتور ماس بە رووداوی راگەیاند: "هیواخوازم چانسێکی باشتان هەبێ و لە گشتپرسییەکەتان سەرکەوتووبن، ئاگادارم ئێوە پشتگیری لە دیموکراسی دەکەن، ئێوە دەتانەوێ دواڕۆژی خۆتان بنیاتبنێن، ئێمە وەکو خەڵکی کەتەلۆنیا پشتگیری ئەو نەتەوانە دەکەین کە دەیانەوی دواڕۆژی خۆیان بنیاتبنێن".
هەرێمی کەتەلۆنیا دەکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتی ئیسپانیا، ئێستا حوکمی خۆبەڕێوەبەرییان هەیە، پایتەختەکەی شاری بارسێلۆنایە، گیرۆنا و لاریدە و تراگۆنا سێ شاری دیکەی ئەو هەرێمەن، رووبەری کەتەلۆنیا 32 هەزار کیلۆمەتر دووجایە و شەشەم گەورەترین هەرێمی ئیسپانیایە.
مارتا رۆبیرا، پەرلەمانتاری پارتی چەپ لە پەرلەمانی کەتەلۆنیا دەڵێت، ئەوان گشتپرسییان تەنیا بۆ سەربەخۆیی نییە، بەڵکو دەیانەوێ مافی دەنگدانیان هەبێ.
مارتا رۆبیرا بە رووداوی گوت: "ئێمە چەند رۆژێک پێش ئێستا یاسای گشتپرسیمان لە پەرلەمان دەرکرد، ئەگەر دەنگی نەخێر سەرکەوێ ئەوا دەبێ هەڵبژاردنی پەرلەمان و حکومەتی کەتەلۆنیا بکەینەوە، ئەگەر دەنگی بەڵێش سەربکەوێ، ئەوا دوای ژماردنی دەنگەکان، بە 48 کاژێر سەربەخۆیی رادەگەیێنین، هەروەها گشتپرسیمان تەنیا بۆ سەربەخۆیی نییە، بەڵکو ئەوان رێگە نادەن دەنگ بدەین، مافی دەنگدان بۆ ئێمە لە سەربەخۆیی گرنگترە".
خەڵکی کەتەلۆنیا بە جۆشەوە چاوەڕیی هاتنی رۆژی گشتپرسی دەکەن، دەیانەوێ لە وڵاتێکی سەربەخۆ بژین، نەک پاشکۆی وڵاتێکی دیکە بن، چونکە زمان و کولتووریان جیاوازە.
ئەسرێیا، خەڵکی بارسێلۆنا دەڵێت: "ئێمە ئەمڕۆ هاتووین بۆ ئەوەی پشگیری لە گشتپرسی بکەین، دەمانەوێ دەنگ بە سەربەخۆیی بدەین کە چەندین ساڵە چاوەڕێی دەکەین".
مۆنیکا، خەڵکی کەتەلۆنیا دەڵیت: "من ماڵم لەدەرەوەی شارە، بە خێزانەوە هاتووینە بارسێلۆنا بۆئەوەی پشتگیری گشتپرسی بکەین و دەنگ بۆ سەربەخۆیی بدەین".
نزیکەی یەک سەدەیە هەرێمی كەتەلۆنیا خراوەتە سەر ئیسپانیا و هەوڵی جیابوونەوە دەدات، دوای ئەوەی ناسیۆنالیستەکانی ئەو هەرێمە کە رکابەری سەرسەختی دەستەڵاتی مەلەکین لە کەتەلۆنیا دەستەڵاتیان گرتەدەست، ئێستا هەوڵی سەربەخۆیی گەرمتر بووە و دوای گشتپرسی دەیانەوی سەربەخۆیی رابگەیەنن.
پێداچوونەوە: دەرباز ساڵح