جۆن کێربی: دەکرێت ئەم هەفتەیە ئێران هێرشێکی 'بەرچاو' بکاتە سەر ئیسرائیل
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، "لەوانەیە ئێران ئەم هەفتەیە هێرشێکی بەرچاو بکاتە سەر ئیسرائیل".
رۆژی دووشەممە 12ـی ئابی 2024، جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانیی ئەمریکا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە واشنتن باسی لە ئەگەری هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل کرد و گوتی: "دەبێت ئامادەبین بۆ ئەگەری زنجیرەیەک هێرشی بەرچاو".
کێربی لەبارەی کاتی هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل گوتی: "ئێمە لەگەڵ هاوتا ئیسرائیلییەکانمان هەمان پێشبینیمان هەیە دەربارەی کاتی هێرشەکە... لەوانەیە ئەم هەفتەیە بێت".
گوتەکانی کێربی لەکاتێکدایە، ئەمریکا کەشتیی فڕۆکەهەڵگری و فڕۆکەی جەنگی رەوانەی ناوچەکە کردووە بۆ پاڵپشتیکردنی لە ئیسرائیل لە ئەگەری هەر هێرشێک بۆ سەری.
دوای کوشتنی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس و فوئاد شوکر، سەرکرد لە حیزبوڵڵای لوبنانی، ئێران و حیزبوڵڵا بەڵێنییانداوە تۆڵەی کوشنت ئەو دوو سەرکردەیە بکەنەوە.
هەر ئەمڕۆ کۆشکی سپی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا پەیوەندی بە سەرۆکی هەریەک لە فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا و بەریتانیا کردووە و دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستییان تاوتوێ کردووە.
هەر پێنج وڵاتەکە لە راگەیێندراوەکەدا روویان لە ئێران کردووە و دەڵێن: "داوا لە ئێران و هاوپەیمانەکانی دەکەین دووربکەونەوە لە هەر جۆرە هێرشێک کە دەبێتە هۆی فراوانکردنی زیاتری گرژییەکانی ناوچەکە و تێکدانی دەرفەتی ئاگربەستی غەززە".
لە راگەیێندراوەکە هەر پێنج وڵات هۆشدارییان بە ئێران دا و گوتیان: "ئێران بەرپرسیارییێتی هەر کردەیەکی دەکەوێتە ئەستۆ کە ببێتە هۆی تێکدانی ئاشتی و سەقامگیری".
گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل بەرەو زیادی دەچن و مەترسی پێکدادانی راستەوخۆ هەیە.
میدیای ئەمریکی ئەمڕۆ بڵاویکردەوە کە یۆئاڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لەگەڵ لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا قسەی کردووە و هۆشداری داوە لەوەی ئێران ئامادەکاری بۆ هێرشێکی فراوان بۆ سەر ئیسرائیل دەکات.