جیهان
مووشەکی بالیستیی خەیبەر کە دەتوانێ دوو هەزار کیلۆمەتر ببڕێت و دروستکراوی ئێرانە. وێنە: Reuters
رووداو دیجیتاڵ
هەریەک لە ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و ئیتاڵیا لە راگەیێندراوێکدا داوایان لە ئێران و هاوپەیمانەکانی کرد، هێرش نەکەنە سەر ئیسرائیل، چونکە بەگوتەی ئەوان، هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل دەبێتە هۆی تێکدانی ئاسایشی ناوچەکە.
رۆژی دووشەممە 12ـی ئابی 2024، ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و ئیتاڵیا راگەیێندراوێکی هاوبەشییان بڵاوکردەوە و تێیدا نیگەرانی خۆیان لەبارەی دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست راگەیاند.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "زۆر نیگەرانی زیادبوونی گرژییەکانی ناوچەکەین و ئێمە پابەندین بە هێورکردنەوەی دۆخی ناوچەکە و سەقامگیری ناوچەکە".
هەر پێنج وڵاتەکە لە راگەیێندراوەکەدا روویان لە ئێران کردووە و دەڵێن: "داوا لە ئێران و هاوپەیمانەکانی دەکەین دووربکەونەوە لە هەر جۆرە هێرشێک کە دەبێتە هۆی فراوانکردنی زیاتری گرژییەکانی ناوچەکە و تێکدانی دەرفەتی ئاگربەستی غەززە".
لە راگەیێندراوەکە هەر پێنج وڵات هۆشدارییان بە ئێران دا و گوتیان: "ئێران بەرپرسیارییەتی هەر کردەیەکی دەکەوێتە ئەستۆ کە ببێتە هۆی تێکدانی ئاشتی و سەقامگیری".
داواکاری ئەو پێنج وڵاتە لەکاتێکدایە، گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل بەرەو زیادی دەچێت و مەترسی پێکدادانی راستەوخۆی نێوانیان هەیە.
دوای کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسی حەماس لە تاران، ئێران هەڕەشەی وەڵامدانەوەی ئیسرائیل دەکات.
میدیای ئەمریکی ئەمڕۆ بڵاویکردەوە کە یۆئاڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لەگەڵ لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا قسەی کردووە و هۆشداری داوە لەوەی ئێران ئامادەکاری بۆ هێرشێکی فراوان بۆ سەر ئیسرائیل دەکات.
ئیسرائیل لە 30ی تەممووز، فوئاد شوکر، کەسایەتیی دووەمی حیزبوڵڵای لوبنانیشی لە باشووری بەیرووت کوشت.
هەنییە رۆژی 31ی تەممووز لە تارانی پایتەختی ئێران کوژرا. ئیسرائیل بە کوشتنی تۆمەتبار دەکرێت. بەرپرسانی ئیسرائیلیش نە پشتڕاستی دەکەنەوە و نە رەتیدەکەنەوە.
ئێستا ناوچەکە تەنگژەدارە و لە بەردەم ئەگەری هێرشی ئێران و حیزبوڵڵادایە بۆ سەر ئیسرائیل.
ئەمریکا هێزی زیاتری رەوانەی ناوچەکە کردووە بۆ ئەوەی بەرگری لە هێزەکانی بکات و ئیسرائیلیش لە ئەگەری هێرشی نەیارانی بپارێزێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ