بایدن: ترەمپ مەترسییەکی جیدییە بۆسەر ئاسایشی ئەمریکا


رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، بەربژێری کۆمارییەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەو وڵاتە، مەترسییەکی جیدییە بۆ سەر ئاسایشی ئەمریکا. 
 
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی لەبارەی ئەگەری بردنەوەی دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی وڵاتەکەیدا گوتی، "گوتەکانم تۆماربکە. ئەگەر ئەو (دۆناڵد ترەمپ) بیباتەوە، سەیر بکەن بزانن چی روودەدات".
 
بایدن گوتیشی، بردنەوەی ترەمپ مەترسیدار دەبێت و خۆیشی "مەترسییەکی جیدییە بۆسەر ئاسایشی ئەمریکا. ئێمە لە خاڵێکی وەچەرخانداین لە مێژووی جیهاندا".  
 
مانگی رابردوو، بایدن لە بەربژێربوون کشایەوە و پاڵپشتیی خۆی بۆ کامالا هاریس دەربڕی بۆ ئەوەی ببێتە بەربژێری دیموکراتەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی. بایدن لەو بارەیەوە قسەی کرد و گوتی، داواکاریی بەشێک لە ئەندامانی حیزبەکەی، خراپیی تەندروستییەکەی و دروستبوونی مەترسی لەسەر دیموکراسییەتی ئەمریکا دیارترین هۆکارەکانی کشانەوەی بوون لە رکابەرایەتییەکە. 
 
سەرۆکی ئەمریکا نیگەرانیی خۆیشی لە ئەگەری دەرنەچوونی ترەمپ لە هەڵبژاردنەکەدا پیشاندا و گوتی، "ترەمپ گوتوویەتی ئەگەر شکستبهێنین، ئەوا گۆمی خوێن دروست دەبێت" و پێویستە ئەم قسەیە بە جیدی وەربگیرێت. 
 
دۆناڵد ترەمپ ئەو قسەیەی رۆژی 18ـی ئاداری ئەم ساڵ لە بەردەم لایەنگرانی لە فلۆریدا کرد. 
 
بڕیارە رۆژی 5ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بکرێت. دیارترین دوو بەربژێریش دۆناڵد ترەمپ و کامالا هاریسن. راپرسییەکان ئەوە دەردەخەن، ئەگەر ئێستا هەڵبژاردن بکرێت، ترەمپ بە جیاوازیی نزیکەی 2٪ـی دەنگەکان لەپێش هاریسەوەیە، بەڵام دۆخی بەربژێرەکەی دیموکراتەکان لە ویلایەتە یەکلایینەبووەوەکان باشترە.