بورجی ئەیڤڵ بەهۆی گومانی بوونی بۆمبەوە چۆڵکرا
رووداو دیجیتاڵ
بورجی ئەیڤڵ لە ناوەندی شاری پاریسی پایتەختی فەرەنسا بەهۆی گومانی بوونی بۆمبەوە چۆڵکرا و پۆلیس پشکنینیان بۆ رێستۆرانتەکانی نێو بورجەکە کرد.
رۆژی شەممە، 12ـی ئابی 2023، بەرپرسانی بورجی ئەیڤڵ رایانگەیاند بەهۆی هۆشدارییەکی ئەمنییەوە، پسپۆرانی پووچەڵکردنەوەی بۆمب و پۆلیس بورجەکە دەپشکنن و ناچارن چۆڵی بکەن.
بەهۆی ئەو هۆشدارییەوە سەردانیکاران و گەشتیاران لە هەرسێ نهۆمی بورجەکە هێنرانە خوارەوە، هەروەها لە دەوروبەری بورجەکەش دوورخرانەوە.
بورجی ئەیڤڵ، کە لە ساڵی 1887 دروستکراوە، یەکێکە لەو شوێنە گەشتیارییانەی فەرەنسا، کە ساڵانە زۆرترین کەس بەمەبەستی بینینی سەردانی دەکەن، تەنیا لە ساڵی 2022ـشدا 6.2 ملیۆن سەردانکەری هەبووە.