بەلەمێکی کۆچبەران لە نۆکەندی ئینگلیز ژێرئاو کەوت؛ شەش کەس خنکاون
رووداو دیجیتاڵ
بەلەمێکی کۆچبەران لە نۆکەندی ئینگلیز لە نێوان فەرەنسا و بەریتانیا ژێرئاو کەوت و بەهۆیەوە لانیکەم شەش کۆچبەر گیانیان لەدەستدا.
رۆژی شەممە 12ی ئابی 2023، هێزی دەریاوانیی فەرەنسا بڵاویکردەوە، بەلەمەکە دەیان کۆچبەری تێدا بووە و لە فەرەنساوە بەرەو بەریتانیا بەڕێکەوتووە. ئاماژەی بەوەشکرد، تیمەکانی فریاگوزاری توانیویانە 54 کۆچبەر رزگاربکەن و ژمارەیەک کۆچبەریش بێسەروشوێنن.
لە هەڵمەتی رزگارکردنی کۆچبەرەکاندا پێنج کەشتی و هێلیکۆپتەرێکی فەرەنسی و دوو کەشتیی بەریتانی بەشدارییان کردووە.
هێزی دەریاوانیی فەرەنسا رایگەیاند، هۆکاری ژێرئاوکەوتنی بەلەمەکە خراپیی کەشوهەوا و بەرزیی شەپۆلەکانی ئاو بووە.
نۆکەندی ئینگلیز رێڕەوێکی ئاوییە لەنێوان فەرەنسا و بەریتانیا و یەکێکە لە قەرەباڵخترین رێگەکانی کۆچبەران.
بەگوێرەی ئاماری حکومەتی بەریتانیا، لە ساڵی 2018ـەوە زیاتر لە 100 هەزار کۆچبەر لە رێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە گەیشتوونەتە بەریتانیا.