ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی ئاگرەکەی هاواییەوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتە 80 کەس

رووداو دیجیتاڵ 

ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی ئاگرەکەی هاواییەوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتە 80 کەس، ئەوەش دوای گەڕانی زیاتری تیمەکانی فریاگوزاری لە ناوچە جیاوازەکانی ویلایەتەکە. 
 
رۆژی شەممە، 12ی ئابی 2023، بەرپرسانی ناوچەی ماوی سەر بە ویلایەتی هاوایی ئەمریکا رایانگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی کەوتنەوەی ئاگر لە دارستانەکانی هاوایی گیانیان لەدەستداوە گەیشتە 80 کەس و نزیکەی هەزار و 418 کەسیش گوێزراونەتەوە بۆ ناوەندەکانی فریاگوزاریی لەناکاو.
 
بەرزبوونەوەی ژمارەی مردووان دوای ئەوە هات، ریچارد بایسین، سەرۆک شارەوانی ماوی رۆژی هەینی، 11-8-2023 رایگەیاند، بەردەوامن لە دۆزینەوەی لاشەی ئەو کەسانەی لە ئەنجامی ئاگرەکە گیانیان لەدەستداوە.
 
بەرپرسانی ماوی دەڵێن، پێشبینی دەکەن ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی ئاگرەکەی هاواییەوە گیانیان لەدەستدابێت بەرزبێتەوە، ئەوەش کاتێک شوێنەکانی نیشتەجێبوون و باڵەخانەکانی ناوچەکە دەپشکنن.  
 
سێشەممەی رابردوو ئاگر لە چەند دارستانێکی ویلایەتی هاوای کەوتەوە. هەڵکردنی بای بەهێز بووەتە هۆی ئەوەی ئاگرەکە بە ئاسانی تەشەنە بکات و نەتوانرێت کۆنترۆڵ بکرێت.  
 

بەرگریی شارستانیی هاوای دەڵێت، ئاگر لە چوار دارستانی ویلایەتەکە کەوتووەتەوە و نزیکەی 11 هەزار کەس بێ کارەبا بوون. 
بە گوتەی بەرپرسانی ویلایەتەکە، لە ئەنجامی ئەو ئاگرکەوتنەوەیەدا، تاوەکو ئێستا زیاتر لە هەزار باڵەخانە و خانوو سووتاون. 
 
دارستانەکانی هاوای ساڵانە رووبەڕووی ژمارەیەکی زۆر لە ئاگرکەوتنەوە دەبنەوە. بەگوێرەی بەرپرسانی هاوای، لەنێوان ساڵانی 2016-2019دا زیاتر لە 350 کیلۆمەتر دووجا لە دارستانەکانی هاوای سووتاون.