کیم جونگ ئون "سەرکەوتن" بەسەر کۆرۆنادا رادەگەیێنێت


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی کۆریای باکوور سەرکەوتنی یەکجاری بەسەر کۆرۆنادا رادەگەیێنێت و دەڵێت، لە کۆتایی مانگی تەممووزەوە هیچ تووشبووێکی پەتاکە تۆمارنەکراوە.
 
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، 11ـی ئابی 2022 میدیای فەرمیی کۆریای باکوور رێوڕەسمێکی تایبەتی سەرۆکی وڵاتەکەی بڵاوکردەوە کە تێیدا بە بۆنەی "سەرکەوتن بەسەر پەتادا" گوتارێک لە بەردەم کارمەندانی تەندروستی و زانایانی وڵاتەکەی پێشکێش دەکات. کیم جونگ ئون بە ئامادەبووانی راگەیاند کە لە 29ـی مانگی تەممووزەوە هیچ تووشبووەکی "تا" تۆمارنەکراوە. 
 
کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور دەشڵێت، دوایین تووشبوو پێش 7 رۆژ "بەتەواوەتی" چاکبووەتەوە و بۆ ماوەی 12 رۆژی لەسەر یەک "هیچ تووشبووەکی نوێ" تۆمارنەکراوە. 
 
تەلەڤزیۆنی فەرمیی وڵاتەکە گوتارێکی کیم یۆ جۆنگ، خوشکە باڵادەستەکەی سەرۆکی بڵاوکردەوە کە لە باسی سەرۆکی وڵاتدا دەڵێت: "کیم بە تایەکی بەرز نەخۆش کەوت، بەڵام ئەو رەتیکردەوە پشووبدات لەکاتێکدا وڵاتەکەی گیرۆدەی ڤایرۆسێک بووە." 
 
لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا، کۆریای باکوور یەکەم تووشبووی گۆڕاوی ئۆمیکرۆنی ڤایرۆسی کۆرۆنای راگەیاند و دواتر خۆی لە هەموو جیهان دابڕاند و رێوشوێنی تووندی گرتەبەر. بەڵام کۆریای باکوور لە جیاتی کۆرۆنا دەڵێت، نەخۆشەکانیان تووشی "تای بەرز" بوون.
 
بەگوێرەی میدیای فەرمیی وڵاتەکە، لەو کاتەوە، وڵاتەکە 4.8 ملیۆن تووشبووی "تا"ـی تۆمار کردووە و لەو ژمارەیەش بەگوتەی خۆیان، تەنیا 74 کەس گیانیان لەدەستداوە، کە دەکاتە رێژەی 0.002٪ـی کۆی تووشبووان.