ئەو چەکدارەی ویستی بچێتە نێو نووسینگەیەکی FBI لەلایەن پۆلیسەوە کوژرا


رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی چەکدارێک ویستی نووسینگەیەکی ئێف بی ئای لە ویلایەتی ئۆهایۆی ئەمریکا ببڕێت و بچێتە ژوورەوە و دواتر هەڵات، لە کاتی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ پۆلیس کوژرا. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 11ـی ئابی 2022 نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵیی ئەمریکا رایگەیاند، چەکدارێک چووەتە بەردەم نووسینگەیەکی ئێف بی ئای لە شاری سینسیناتی ویلایەتی ئۆهایۆ و ویستوویەتی بچێتە ژوورەوە. رووداوەکە لە سەرتاسەری ئەمریکا دەنگدانەوەی هەبوو، چونکە تەنیا سێ رۆژ دوای گەڕانی ئێف بی ئای بوو بەنێو ماڵەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە ویلایەتی فلۆریدا، کە بووە هۆی تووڕەکردنی راستڕەوەکان، بەڵام تاوەکو ئێستا دیار نییە هەردوو رووداوەکە پەیوەندییان بەیەکدییەوە هەبووبێت. 
 
دواتر، ئێف بی ئای لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، لەدوای لێدانی زەنگی ئاگادارکردنەوەکە، چەکدارەکە رایکردووە. بەگوێرەی میدیای نێوخۆیی ویلایەتەکەش، پیاوەکە بە تفەنگێکی جۆری AR-15 تەقەی کردووە، دواتر بە ئۆتۆمبێل هەڵاتووە. 
 
دواتر پۆلیسی ویلایەتەکە رایگەیاند، پۆلیس بەداوی ئۆتۆمبێلەکە کەوتووە و لە ناوچەیەکی گوندنشین وەستاوە. "هەر لەگەڵ ئەوەی ئۆتۆمبێلەکە وەستاوە، شەڕە تەقە لەنێوان گومانلێکراوەکە و پۆلیس روویداوە."
 
بەگوێرەی پۆلیس، ئەوان هەوڵیانداوە دانوستاندن لەگەڵ گومانلێکراوەکەدا بکەن، بەڵام ئەو رەتیکردووەتەوە خۆی بەدەستەوە بدات. دواتر چەکی بەڕووی پۆلیسدا بەرزکردووەتەوە و پۆلیسیش تەقەی لێکردووە و بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە.
 
بەگوێرەی میدیای ئەمریکی، گومانلێکراوەکە وێنەی لەنێو ئەو لایەنگرانەی ترەمپدا بووە کە لە 6ـی کانوونی یەکەمی ساڵی 2021دا هەڵیانکوتایە سەر باڵەخانەی کۆنگرێس.
 
ئەوەش لەکاتێکدایە کە رۆژی چوارشەممە، 10ـی ئاب، کریستۆڤەر رای، بەڕێوبەری ئێف بی ئای رایگەیاند، لەدوای هەڵکوتانە سەر ماڵەکەی ترەمپ لە فلۆریدا، هەڕەشە لە ئێف بی ئای کراوە.
 
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممەش مێریک گارلاند، داواکاری گشتیی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە واشنتن گوتی، ئەو خۆی رێگەی بە ئێف بی ئای داوە بۆ ئەوەی ماڵەکەی ترەمپ بپشکنن.