نەشتەرگەری بۆ سەلمان رووشدی کرا

 
رووداو دیجیتاڵ 

سەلمان رووشدی، نووسەری بەریتانی بە رەچەڵەک هیندستانی، نەشتەرگەری بۆ کرا، ئەوەش دوای ئەوەی رۆژی هەینی کەسێک لە شاری نیویۆرکی ئەمریکا چەقۆیەکی لە ملی دا. 
 
سەلمان رووشدی بانگهێشتکرابوو بۆئەوەی رۆژی هەینی 12-8-2022، لە پەیمانگەی چاوتاوکوا لە رۆژئاوای شاری نیویۆرک گوتەیەک پێشکێش بکات، بەڵام کەسێک بە چەقۆوە چووە سەر ستەیجەکە و لە سەلمان رووشدی دا. نووسەرە تەمەن 75 ساڵانەکە کەوتە سەر زەوی و هێرشکارەکەش دەستگیرکرا.
 
پۆلیسی نیویۆرک رایگەیاند، ئەو کەسەی هێرشەکەی ئەنجامداوە پیاوێک بووە و لە ئەنجامیشدا ملی برینداربووە. ئەندرو وایلی، بەرپرسی کاروبارەکانی سەلمان رووشدیش لە تویتەر گوتی، نووسەرەکە بە هێلیکۆپتەر گوێزراوەتەوە نەخۆشخانە و نەشتەرگەری بۆ کراوە. 
 
کاتی هۆچول، حاکمی نیویۆرک سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و رایگەیاند: "سەرکۆنەی هەموو جۆرە تووندوتیژییەک دەکەین؛ دەمانەوێت خەڵک بتوانێت ئازادانە قسە بکات." 
 
سەلمان رووشدی خاوەنی ژمارەیەک کتێبە؛ ساڵی 1981 کتێبی دووەمی بەناوی "منداڵانی نیوەشەو" بڵاوکردەوە کە باس لە هیندستانی دوای سەربەخۆیی دەکات. کتێبەکە ژمارەیەک خەڵاتی گەورەی بەدەستهێنا؛ ساڵی 1988یش "ئایەتە شەیتانییەکان"ـی بڵاوکردەوە کە کاردانەوەی تووندی بەشێکی زۆر لە موسڵمانانی بەدوادا هات. کتێبەکە هەمان ساڵی بڵاوکردنەوەی لە ئێران قەدەخەکرا و ساڵی دوای ئەوەش ئایەتوڵڵا خومەینی، رێبەری باڵای ئەوکاتەی ئێران فەتوایەکی دەرکرد و داوای کوشتنی سەلمان رووشدی کرد.
 
سەلمان رووشدی لە هیندستان لەدایکبووە و دایک و باوکی موسوڵمان بوون، بەڵام پابەندی بنەما ئایینییەکان نەبوون. ئەو ئێستا وەک کەسێکی بێباوەڕ پێناسە دەکرێت و لە شاری نیویۆرک لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەژیت.