300 فیل بۆ دەستکەوتنی 9 تۆن عاج کوژراون

 
 
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی سەنگاپوور 9 تۆن عاجی فیلی لەناوبرد کە بە قاچاخ برابوونە بازاڕی رەش لەو وڵاتە کە لە پێنج ساڵی رابردوودا ئەوە زۆرترین عاجە دەستی بەسەردا گیراوە.
 
بەرپرسانی سەنگاپوور ئاماژە بەوە دەدەن، ئەو بڕە لە عاجی فیل نزیکەی 300 فیلیان بۆ کوژراوە لە وڵاتانی ئەفریقیا، نرخی ئەو 9 تۆنەی دەستی بەسەردا گیراوە لە بازاڕی رەشدا بە نزیکەی 18 ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت.
 
بۆردی پارکی نیشتمانیی سەنگاپوور دەڵێت، ئەو بڕە لە عاج لە ماوەی نێوان 2014 تاوەکو ئەمساڵ دەستیان بەسەردا گیراوە.
 
عاجی فیل کە بە قاچاخ دەفرۆشرێت لە بازاڕی رەشدا یەکلاییدەکرێتەوە و دواتر بۆ بابەتی جوانکاری بەکاردەهێنرێت.
 
بازرگانیکردن بە عاجی فیل لە ساڵی 1989 قەدەخە کرا، پاش ئەوەی لێکۆڵینەوە بایۆلۆژییەکان دەریانخست کە فیل لە وڵاتانی ئەفریقیا بەرەو کەمبوونەوە دەچن.
 
لە ناوەڕاستی سەدەی رابردوودا ژمارە فیلەکان ملیۆنان بووە، بەڵام بەهۆی کوشتنی فیلەوە بۆ دەستکەوتنی عاج لە هەشتاکاندا ژمارەیان بۆ نزیکەی 600 هەزار کەمبووەوە.