رووداو دیجیتاڵ
ئەمرۆ پەرلەمانی فینلاند دەنگ لەسەر پرۆژەیاسایەک دەدات، کە دەسەڵات دەداتە پاسەوانی سنووری وڵاتەکەی کە ئەو کۆچبەرانەی لە رووسیاوە دەچنە ئەو وڵاتە دیپۆرتیان بکاتەوە.
حکومەتی فینلاند بە سەرۆکایەتیی پیتێر ئۆرپۆ کە بە حکومەتێکی راستڕۆی دژەکۆچبەر ناسراوە رایگەیاند، پرۆژەیاساکە گرنگە بۆ وەستاندنی چوونی کۆچبەران بۆ ئەو وڵاتە.
بەرپرسانی پارتی سۆسیال دیموکرات، کە پارتێکی ئۆپۆزیسیۆنە دەڵێن، ئامادەنین دەنگ بە پڕۆژەیاساکە بدەن هەرچەندە پێشبینی دەکرێت زۆرینەی پەرلەمان دەنگی پێبدات، بەڵام تێپەڕاندنی یاساکە هێندەش ئاسان نابێت. لە فینلاند دووجار دەنگ بە پرۆژەیاسا دەدرێت . جاری یەکەم پێویستە لە 200 پەرلەمانتار 167یان دەنگی پێدەن و جاری دووەمیان 133 پەرلەمانتار.
پاڵپشتیکارانی پرۆژەکە کە لە پارتە راست و پێکهێنەرەکانی حکومەتن دەڵێن، ئەم پرۆژەیە وا دەکات حکومەت رووبەڕووی شەپۆلی کۆچبەران ببێتەوە. ئەو پارتانە 102 پەرلەمانتاریان هەیە.
فینلاند، رووسیا بە بەکارهێنانی بابەتی کۆچبەران دژی وڵاتەکەی تۆمەتبار دەکات. هێلسنکی پێیوایە مۆسکۆ بەو رێگەیە دەیەوێت جەنگێکی سارد لەگەڵ وڵاتەکەی بکات، بەڵام رووسیا ئەو تۆمەتانەی رەتکردوونەتەوە.
بێن زیشکۆڤیچز، پەرلەمانتار لە پارتی پارێزگاران کە گەورەترین پارتی نێو پەرلەمانە رایگەیاند، ئەمە پێویستە بۆ رووبەڕووبوونەوەی رووسیا کە دەتوانێت وا لە سەدان کۆچبەر بکات لە خاکی وڵاتەکەیەوە بچنە فینلاند. لە بەرامبەردا سۆفیا ڤێرتا، پەرلەمانتاری پارتی سەوزی ئۆپۆزیسیۆن گوتی، پێویستە یاسادانەران رێگری لە پرۆژەکە بکەن و رێز لە پابەندبوونی نێودەوڵەتی فینلاند بە یاسا نێودەوڵەتییەکان بگرن.
دەشڵێت: "هیچ گەرەنتییەک نییە, کە ئەمە رێگەیەکی کاریگەر بێت بۆ نەهێشتنی کاریگەری دوژمنکارانەی رووسیا."
بەگوێرەی پاسەوانی سنووری فینلاند، 1,300 کۆچبەر لە سنوورەکانی رووسیاوە چوونە نێو خاکی فینلاند. بەشێکی ئەو کۆچبەرانە خەڵکی وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەتایبەت عێراق و سووریا بوون. دواتر لە کانوونی یەکەم، هێلسنکی بریاری داخستنی سنوورەکانی لەگەڵ مۆسکۆ دا و بەو هۆیەوە لە مانگی ئاداری ئەم ساڵەوە هیچ کۆچبەرێک نەچووەتە ئەو وڵاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ