سیلڤیۆ بێرلسکۆنی لە تەمەنی 86 ساڵیدا کۆچی دواییکرد

12-06-2023
هەوراز حوسێن @Hawrazkadir
نیشانەکردن ئیتاڵیا سێلڤیۆ بێرلسکۆنی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سیلڤیۆ بێرلسکۆنی، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری ئیتاڵیا لە تەمەنی 86 ساڵیدا کۆچی دواییکرد؛ هۆکاری گیانلەدەستدانەکەی شێرپەنجەی خوێنە.
 
رۆژی دووشەممە 12-6-2023، سیلڤیۆ بێرلسکۆنی، کە لە ساڵی 1994 بۆ ساڵی 2011 سەرۆکوەزیرانی ئیتالیا بوو، کۆچی دواییکرد.
 
شەش هەفتە بوو بێرلسکۆنی لە نەخۆشخانەی سان رافایێل لە میلان لە ژێر چاودێریی چڕی پزیشکیدا بوو. بەگوێرەی نەخۆشخانەکە هۆکاری گیانلەدەستدانەکە جۆرێکی دەگمەنی شێرپەنجەی خوێن بووە، کە بە شێرپەنجەی میڵۆمۆنۆسایتیک ناسراوە و بریتییە لە دروستبوونی ژمارەیەکی زۆر خڕۆکەی سپی لە خوێندا.
 
شەش هەفتە بوو شێرپەنجەکە گوێزرابووەوە بۆ سییەکانی.
 
ژیانی بێرلسکۆنی
 
سیلڤیۆ بێرلسکۆنی 29ی ئەیلوولی 1936 لە شاری میلان لە ئیتاڵیا لەدایکبووە؛ دووجار لە ساڵەکانی 1965 و 1990 ژیانی هاوژینی پێکهێنا و 5 منداڵی هەیە.
 
لە سەرەتای تەمەنی گەنجییدا دەستی بە کڕین و فرۆشتنی موڵک کرد و دواتر لە ساڵی 1980 کۆمپانیای کاندێلا 5ـی دامەزراند، کە دوای دامەزراندنی، بووە گەورەترین کۆمپانیای بەرهەمهێنانی ریکلام لە ئیتاڵیا؛ هەروەها لە ساڵی 1986 بۆ 2017 خاوەنی یانەی ئەی سی میلان بوو.
 
لە ساڵی 1993 پارتی فۆرزا ئیتاڵیا کە بە واتای 'ئیتاڵیا بۆ پێشەوە' دێت، لەسەر دەستی بێرلسکۆنی دامەزرا و لە 1994 گەیاندییە سەر کورسیی سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا. بێرلسکۆنی یەکەم سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا بوو لە مێژوودا کە پێش گەیشتن بە ترۆپکی دەسەڵات لە حکومەتدا، پێشتر پۆستێکی دیکەی حکومی نەبووبێت.
 
ماوەی سەرۆکوەزیرانیی دووەمی بێرلسکۆنی لە 2001 بۆ 2006 درێژترین ماوەی سەرکردەیەکی ئیتاڵی بووە لەو پۆستەدا لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە؛ ئەو بۆ جاری سێیەم لە 2008 دەسەڵاتی گرتەوە دەست، بەڵام لە 2011 بەهۆی قەیرانی سەختی ئابوورییەوە لە ئیتاڵیا، ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە کرا.
 
گەڕانەوە بۆ رکابەریی سیاسی
 
لە ساڵی 2017ـدا بێرلسکۆنی گەڕایەوە کایەی سیاسی و لە ساڵی 2018ـدا بە هاوپەیمانی لەگەڵ پارتی لیگ و براکانی ئیتاڵیا لیستێکی پەرلەمانیان دروستکرد، بەڵام تەنیا 40٪ـی دەنگەکانیان بردەوە و نەیانتوانی پۆستی سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە وەربگرن.
 
لە 2019ـدا بێرلسکۆنی بووە ئەندامی پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا؛ پاشان لە هەڵبژاردنەکانی تشرینی یەکەمی 2022 بۆ جاری دووەم لەگەڵ پارتی لیگ و براکانی ئیتاڵیا هاوپەیمانییەکیان دروستکرد و ئەمجارە توانیان پۆستی سەرۆکوەزیران ببەنەوە و بچنە دەسەڵات.
 
جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکی پارتی براکانی ئیتاڵیایە و ئەوپەڕی راستڕۆیە؛ پارتەکەی توانی 26٪ـی کورسییەکانی پەرلەمان بباتەوە و بووە سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە. بێرلسکۆنی بووە ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی ئیتاڵیا.
 
بێرلسکۆنی خاوەنی 150 بزنسی گەورە و بچووک بوو لە ئیتاڵیا و جیهان، سامانەکەی بە 7 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت.
 
سێکس و بەرتیلخواردن
 
بێرلسکۆنی یەکێک بوو لە سیاسییە هەرە قسەهێنەرەکانی ئیتاڵیا؛ لە ژیانی سیاسیی خۆیدا چەندینجار رووبەڕووی ئابڕووچوونی سێکسی بووەتەوە و چەندین تۆمەتی گەندەڵی و بەرتیلخواردنی دراوەتە پاڵ.
 
لە 2012دا دادگە تۆمەتی بەرتیلخواردنی بەسەر بێرلسکۆنیدا ساخکردەوە و سزاکەشی خزمەتی کەرتی گشتی بوو بۆ ماوەی یەک ساڵ. 
 
بێرلسکۆنی لە ژیانی سیاسییدا ژمارەیەک تۆمەتی ئاڕاستەکراوە. لەوانە پارەدان بوو بە سەماکەری مەغریبی بەناوبانگ کەریمە مەهرووغ، کاتێک تەمەنی 17 ساڵ بوو. ئەو سەماکەرە بە 'رووبی" یان 'دڵبەر' ناسراوبوو.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی فایسێرڤ لە شاری میلواوکی ویلایەتی ویسکۆنسن

کۆنگرەی کۆمارییەکان دەکرێت و ترەمپ بەربژێری سەرۆکایەتیی ئەمریکایە

ئەمڕۆ کۆنگرەی کۆمارییەکان بۆ دیاریکردنی بەربژێرەکەیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەستپێدەکات. لە دوا رۆژی کۆنگرەکە کە دەکاتە پێنجشەممە ترەمپ وەکو بەربژێری ئەو پارتە دەستنیشان دەکرێت. دوای رووداوی تەقەکردن لە ترەمپ، زۆرترین چاوەکان لەسەر لایەنی ئەمنیی کۆنگرەکەن.