کابینەی نوێی حکومەتی ئیسپانیا 11 وەزیری ئافرەتی تێدایە

رووداو - هەولێر 

لە سەرەتای ئەم مانگە، پەرلەمانی ئیسپانیا لەسەر پرسی تێوەگلانی لە گەندەڵی لە دانیشتنێکیدا متمانەی لە ماریانۆ راخۆ، سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئیسپانیا سەندەوە.


دوای وەرگرتنەوەی متمانە لە راخۆ، سەرۆکی ئۆپۆزیسیۆنی ئیسپانیا، پێدرۆ سانچێز وەک سەرۆکوەزیرانی نوێی ئەو وڵاتە هەڵبژێردرا.

سانچێز لەیەکەمین هەنگاویدا گەورەترین گۆڕانکاری لە پێکهاتەی حکومەتدا کرد، ئەویش بە هەڵبژاردنی 11 وەزیری ئافرەت لە کۆی 17 وەزیر لە کابینەکەیدا.

ئیزابێل سیلا، گوتەبێژی حکومەت و وەزیری پەروەردە دەڵێت "ئێمە هەستدەکەین کە ئەمە زۆر گرنگە، چونکە لەم کابینەیەدا ژمارەی ئافرەتان لە پیاوان زیاترن، ئەمەش پەیامێک بە کۆمەڵگە دەدات، کە ئێمە ئەو دەستەوانەیەمان هێناوەتەوە، کە فڕێدرابوو، دەزانین ئەمڕۆ ئافرەتان پۆستی وەزیریان لەم حکومەتەدا هەیە، کە ئەمەش زۆر گرنگە، ئێمە پێمانوایە ئەمە زۆر گرنگە کۆمەڵگە پێویستە وێنەی خۆی لەم حکومەتەدا ببینێتەوە".

لە میدکان باس لەوە دەکرێت کە حکومەتەکەی سانچێچ، ژنانیترین حکومەتە، چونکە لە مێژووی ئیسپانیا ئەمە یەکەمینجارە، ژمارەی وەزیرە ئافرەتەکان لە وەزیرە پیاوەکان زیاتربێت.

سانچێز بەدەر لەوەی 11 ئافرەتی کردووە بە وەزیر لە کابینەکەیدا، هاوکات پۆستە هەستیارەکانی بە ئافرەتە وەزیرەکان سپاردووە، هەر لە جێگری سەرۆکوەزیران تاوەکو دەگاتە وەزیری بەرگری، ناوخۆ و ئابووری و دارایی.

گوتەبێژی حکومەت و وەزیری پەروەردە دەشڵێت "ئەم حکومەتە پشتیوانی 180 ئەندام پەرلەمانی هەیە کە نوێنەرایەتی ملیۆنان ئیسپانی دەکەن، ئەم حکومەتە پێیوایە هەموو مافێکی دەستووری و شەرعی هەیە و ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی هەموو کارێک".

سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا ئێستا نەک بەتەنیا لە ئەوروپا بەڵکو لە هەموو جیهانیش تاکە سەرۆکوەزیرانە کە خاوەنی زۆرترین وەزیری ئافرەتە و ناسکترین حکومەتی هەیە.

سانچێز دەیەوێت لە رێگەی ئافرەتانەوە رووبەڕووی قەیرانە سیاسی و ئابوورییەکانی وڵاتەکەی ببێتەوە و ئامانجییەتی یەکەمین ئەزموونی حکومەتی زۆرینە ئافرەت لە مێژووی وڵاتەکەیدا تاقیبکاتەوە.


پێداچوونەوە؛ راوچی حەسەن