فرۆنتێکس: هاتنی کۆچبەران بۆ ئەوروپا بە دەریای نێوەڕاست 300٪ زیادیکردووە

12-05-2023
هەوراز حوسێن @Hawrazkadir
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئاژانسی فرۆنتێکس دەڵێت، لە چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، چوونی کۆچبەران بۆ ئەوروپا بە رێڕەوی نێوەڕاستی دەریای نێوەڕاستدا 300٪ زیادیکردووە؛ باس لەوەش دەکات، دەستگەیشتنی قاچاخچییەکان بە بەلەمی کۆچکردن ئاسانتر بووە.
 
رۆژی هەینی، 12-5-2023، هانس لیتێنس، بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستنی سنووری یەکێتیی ئەوروپا- فرۆنتێکس رایگەیاند، "هەرگیز پیشتر ئەمەم نەبینیوە". بە گوێرەی بەڕێوەبەری ئاژانسەکە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە نزیکەی 42 هەزار و 200 کۆچبەر بە رێڕەوی نێوەڕاستی دەریای نێوەڕاستدا گەیشتوونەتە یەکێتیی ئەوروپا؛ ئەو ژمارەیەش 300٪ زیاترە لە هەمان ماوەی 2022.
 
هانس ئاماژەی بەوەکرد، ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی لەو رێگەیەوە گەیشتوونەتە ئەوروپا نیوە زیاتری تەواوی ئەوانەن بە نایاسایی گەیشتوونەتە نێو خاکی وڵاتانی یەکێتییەکە. ژمارەکە بەرزترینە لە دوای ساڵی 2009 کە یەکەمجار ئاژانسەکە دەستی بە تۆمارکردنی ژمارەی چوونی کۆچبەران کردووە.
 
کۆچبەران بە سێ رێگەی سەرەکی لە دەریای نێوەڕاستەوە دەچنە ئەوروپا. یەکێک لە رێگەکان رێڕەوی ئاوی نێوان تورکیا و یۆنانە کە لە بەشی رۆژهەڵاتی دەریای نێوەڕاستە و بە رێڕەوی دەریای ئیجە ناسراوە. رێڕەوی دووەمیشیان کە نێوەڕاستی دەریای ناوەڕاستە لە تونس و لیبیاوە کۆچبەران پێیدا دەپەڕنەوە ئیتاڵیا و بە دەریای ئایۆنیان ناوی دەهێنرێت. رێڕەوی کۆتایی دەکەوێتە ئەوپەڕی رۆژئاوای دەریای نێوەڕاست و پەناخواز لە مەغریب و جەزائیرەوە پێیدا دەپەڕنەوە ئیسپانیا.
 
هانس لێتینس زۆربوونی ژمارەی پەڕینەوە بە نێوەڕاستی دەریای نێوەڕاست بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە، قاچاخچییەکان ئێستا بە ئاسانی دەتوانن دەستیان بە بەلەم بگات؛ بەشێکیشیان هەر لە کەنار دەریاکە بەلەم دروستدەکەن کە تێچووەکەی تەنیا 1090 دۆلارە.
 
هۆکارێکی دیکەی زۆربوونی ژمارەی چوونی کۆچبەران بۆ یەکێتییەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، بڕی ئەو پارەیەی هەر کۆچبەرێک لە بەرامبەر پەڕینەوەی لە دەریاکە دەیدات کەمبووەتەوە، بۆیە قاچاخچییەکان ناچارن خەڵکی زیاتر بکەنە نێو بەلەمەکانەوە.
 
بە گوێرەی رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ، لە 2022دا ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی گەیشتوونەتە ئەوروپا 189 هەزار و 620 کەس بووە. ژمارەی مردن و دیارنەمانیش لە ماوەی ئەو ساڵەدا لە رێگەی گەیشتن بە ئەوروپا دوو هەزار و 97 کەس بووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی هەسارەی زەوی کە لە ساڵی 1968 لەلایەن ئەپۆڵی هەشتەوە گیراوە.

توێژینەوەیەکی نوێ: گۆڕانی کەشوهەوا رۆژگار درێژ دەکات

زانایان لە دیاردەیەکی سەیری تایبەت بە زەوییان کۆڵیوەتەوە و بۆیان دەرکەوتووە کە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاکان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە وایکردووە زەوی لە کەمەریەوە هەڵبئاوسێت، ئەمەش سووڕانەوەی زەوی هێواش دەکات و دەبێتە هۆی درێژبوونەوەی رۆژ.