لیندا یاکارینۆ بووە بەڕێوەبەری گشتیی تویتەر
رووداو دیجیتاڵ
ئیلۆن مەسک ژنێکی بۆ بەڕێوبەری گشتیی تویتەر دیاریکرد کە ماوەی چەند ساڵێکە بەڕێوبەری کۆمپانیایەکی گەورەی میدیاییە. هەنگاوەکەی ئیلۆن مەسک دوای چەند مانگێک لەوە دێت کە بەڵێنی دابوو واز لە ئەرکەکەی وەک بەڕێوەبەری گشتیی ئەو کۆمپانیایە بهێنێت.
رۆژی هەینی، 12-5-2023، ئیلۆن مەسک، خاوەنی کۆمپانیای سپەیس ئێکس، تێسلا و تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر لە تویتێکدا رایگەیاند، "دڵخۆشم بە پێشوازیکردنی لیندا یاکارینۆ وەک بەڕێوەبەری گشتیی نوێی تویتەر!"
هاوکات باسی لەوەکرد، یاکارینۆ "سەرنجی سەرەکیی دەخاتە سەر بەڕێوەبردنی کاروباری ئابووری" کۆمپانیاکە و خۆیشی سەرنج دەخاتە سەر دیزاینی بەرهەمەکان و تەکنەلۆجیای نوێ.
رۆژی هەینی لیندا یاکارینۆ دەستلەکارکێشانەوەی لە ئەرکی بەڕێوبەری کۆمپانیای ئێن بی سی یونیڤێرساڵ راگەیاند و لە ئەمڕۆوە ئەرکی دەبێتە بەڕێوەبەری گشتیی تویتەر.
لە دەستبەکاربوونیدا یاکارینۆ رووبەڕووی چەند کێشەیەک دەبێتەوە کە لەماوەی بەڕێوەبەرایەتیی ئیلۆن مەسکدا دووچاری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکە بوونەوە، لەوانە نەمانی بەشێک لە خزمەتگوزارییەکانی تویتەر و تووڕەبوون و دوورکەوتنەوەی بەشێک لە بەکاربەرانی تویتەر کە ماوەیەکی زۆر بوو ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییەیان بەکاردەهێنا.
هەرچەندە ئیلۆن مەسک چیدیکە بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاکە نییە، بەڵام رۆڵی باڵای لە ئاراستەی کاری داهاتووی کۆمپانیاکەدا دەبێت.
لیندا یاکارینۆ کێیە؟
لیندا یاکارینۆ ژنێکی بە رەچەڵەک ئیتاڵیی تەمەن 60 ساڵە و ژیانی هاوژینی پێکهێناوە. ئەو بەرپرسی بەشی رێکلامکردن و هاوبەشیکردن بووە لە کۆمپانیای ئێن بی سی یونیڤێرساڵی ئەمریکی.
یاکارینۆ لە 2011ـەوە لە ئێن بی سی یونیڤێرساڵ کار دەکات و سەرپەرشتیی ستافێکی 2000 کەسی کردووە؛ ئەو کۆمپانیایە لە ماوەی کارکردنی لیندادا نزیکەی 100 ملیار دۆلار لە بواری ئینتەرتەینمێنت و رێکلامدا وەبەرهێنانی کردووە.
لیندا بە داهێنەری رێگەی نوێ بۆ رێکلامکردن دادەنرێت و لەگەڵ کۆمپانیاکانی ئەپڵ نیوز، بەزفید، یوتیووب، سناپچات و تویتەر هاوبەشی کاری کردووە.
بە گوێرەی پرۆفایلی لینکد ئین، لیندا کاری لەگەڵ کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە داڤۆس کردووە و بەشێکە لە لیژنەی میدیا، ئینتەرتەینمێنت و کولتووری ئەو کۆڕبەندە.
لیندا لەگەڵ حکومەتی ئەمریکاش کاری کردووە لە ئەرکی بڵاوکردنەوەی چۆنێتی ژیانێکی تەندروست بۆ هاووڵاتیان؛ هەروەها لە ماوەی رابردوودا ئەندامی لیژنەیەک بووە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێکهێنا؛ ئەرکی ئەو لیژنەیە کارکردن بوو لەسەر بڵاوکردنەوەی پێکهاتە خۆراکییە بەسوودەکان و هاندانی وەرزشکردن.
ئەو هەروەها کاری لەگەڵ پاپا فرانسیس و کۆشکی سپی کردووە بۆ بڵاوکردنەوەی کامپەینی بەکارهێنانی قورچکی ڤاکسین لە ئەمریکا و جیهان. ئەمە جگە لە چەندین رۆڵ و ئەرکی گرنگی دیکە کە لە ماوەی کارکردنیدا لە جیهان لە ئەستۆی گرتوون.