هێڵی ئاسمانیی ئیمارات: لە یەک ساڵدا 3 ملیار دۆلارمان قازانجکردووە

رووداو دجیتاڵ

هێڵی ئاسمانیی ئیمارات دەڵێت، زۆرترین داهاتی کۆمپانیاکەیان لە ساڵی رابردوو بووە، کە سێ ملیار دۆلارە و ئێستا سامانی کۆمپانیاکەیان گەیشتووەتە 33 ملیار دۆلار.
 
رۆژی پێنجشەممە، 11-5-2023، ئەحمەد بن سەید مەکتووم، بەڕێوەبەری گشتیی گرووپی کۆمپانیاکانی ئیمارات، کە لەلایەن حکومەتی وڵاتەکەوە خاوەنداری دەکرێت رایگەیاندووە، قازانجی ساڵی 2022 بۆ 2023یان 2.9 ملیار دۆلار بووە. 
 
لە راگەیێنراوەکەی سەید ئال مەکتوومدا هاتووە، هێڵە ئاسمانییەکەیان بە تەواوەتی لەو زیانانە رزگاری بووە، کە لەکاتی هاتنی پەتای کۆرۆنادا کردیان؛ ئەوەش چونکە بەربەستەکانی بەردەم گەشتکردن لابراون و وەک خۆی دەڵێت ئامادەن ئۆپەراسیۆنی فراوانکردنی کۆمپانیاکەیان دەستپێبکەن.
 
هێڵی ئاسمانیی ئیمارات باسی لەوەکردووە، بەراورد بە ساڵی پار کە 58.6٪ی کورسییەکانیان پڕدەبوونەوە، ئەمساڵ 79.5٪ی کورسییەکانیان پڕدەبنەوە. هەروەها بۆ 150 شوێنی جیهان گەشتدەکەن، ئەمە لەکاتێکدایە پار تەنیا بۆ 140 شوێن دەچوون.
 
کۆمپانیای دناتا، کە تایبەت بە خزمەتگوزاری فڕۆکەخانەکان و گەشتکردنە و سەر بە گرووپی ئاسمانیی ئیماراتە، ساڵی رابردوو 90 ملیۆن دۆلاری پەیداکردووە، ئەو قازانجەش بەراورد بە ساڵێک پێش ئێستا 201٪ زیادیکردووە.
 
هێڵە ئاسمانییەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، 200 ملیۆن دۆلاری لە لێکۆڵینەوەیەک کە سەرنجی لەسەر کەمکردنەوەی کاریگەریی گازی زیانبەخش لە پیشەسازی فڕیندا خەرجکردووە. باس لەوەش دەکەن، ئەوە کارێکی پێویستە چونکە بەم شێوە بەردەوامییەی پیشەسازی ئاسمانی، گەیشتن بە ئاستی سفر دەردانی  گازی زیانبەخش ئەستەم دەبێت.
 
گرووپی کۆمپانیاکانی ئیمارات هاوکات ئاماژەی بەوەشکردووە، تەنیا لە 2022 بۆ 2023، 2 ملیار دۆلاری لە کڕینی فڕۆکەی نوێ، کردنەوەی دامەزراوە، کڕینی کەرەستە، دامەزراندنی کۆمپانیا و بەرەوپێشبردنی تەکنەلۆجیا خەرجکردووە.
 
گرووپی ئیمارات بۆ خزمەتگوزاری ئاسمانی و گەشتکردن لە ساڵی 1985 لە دوبەی دامەزراوە و نزیکەی 300 فڕۆکەی نەفەرهەڵگر و بارهەڵگری چالاکی هەیە، کە بۆ زیاتر لە 160 وڵاتی جیهان دەفڕن.