بڕگەی 42ی ئەمریکا هەڵگیرا؛ لەسەر سنووری مەکسیک چی روودەدات؟

رووداو دیجیتاڵ

کاژێر 11:59 خوولەک بە کاتی ئەمریکا لە رۆژی 12-5-2023، یاسای بڕگەی 42 لابرا، وەزارەتی ئاسایشی نێوخۆی ئەمریکا رایگەیاند، لە دوای لابردنی یاساکە کە بۆ رێگریی  لە هاتنی کۆچبەر بۆ ئەمریکا لە سەردەمی کۆرۆنادا دانرابوو، رێگە بە کۆچبەران نادرێت بچنە نێو خاکی ئەمریکا. هەر کۆچبەرێکیش هەوڵی بەزاندنی سنوور بدات، زۆر بە تووندی رووبەڕووی دەبنەوە.
 
رۆژی هەینی، 12ی ئایاری 2023، ئەلێخاندرۆ مایۆرکاس، وەزیری ئاسایشی نێوخۆی ئەمریکا رایگەیاند: "سنوورەکانمان کراوە نین". قسەکانی مایۆرکاس چەند کاژێرێک بەر لە لابردنی یاسای ژمارە 42ی ئەمریکا بوو کە لە 2020 بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆناوە دەرکرابوو.
 
ئەو وەزیرەی ئاسایشی نێوخۆی ئەمریکا باسی لەوەشکرد، لە ژێر یاسای ژمارە 8ی ئەمریکادا سزای تووند بۆ ئەوانە دانراوە، کە سنووری ئەمریکا تێدەپەڕێنن و دواتر داوای مافی پەنابەری دەکەن.
 
هاوکات ئاماژەی بەوەشکرد، هەرکەسێک لە دوای نیوەشەوەوە سنووری باشووری ئەمریکا تێپەڕێنێت، "ئەوە مافی داواکردنی مافی پەنابەریی لێدەستێنرێتەوە و رووبەڕووی دەرەنجامی تووندتر دەبێتەوە؛ لەوانە 5 ساڵ رێگەنەدان بە چوونە نێو ئەمریکا و رووبەڕووبوونەوەی لێکۆڵینەوەی تاوانکاری".
 
بڕگەی 42 چییە؟
 
لە ئاداری 2020 سەنتەری رووبەڕووبوونەوە و کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکان لە ئەمریکا داوایەکی بەرزکردەوە بۆ سنووردارکردنی دیاردەی کۆچبەری لە سنووری باشووری ئەمریکا. ئەوەش لەبەر ئەوەی مەترسییەکی گەورەی دروستکردبوو لەسەر زیاتر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لەو کاتەدا هەوڵی زۆری بۆ کەمکردنەوەی دیاردەی کۆچبەری دەدا لە ئەمریکا، چونکە ڤایرۆسەکە بە خێرایی بڵاودەبووەوە و خەریکبوو نەخۆشخانەکان پڕ دەبوون.
 
دواتر بڕگەی 42 بۆ یاسای ئەمریکا دەرکرا، کە بریتییە لە یاسایەکی باری لەناکاوی تەندروستی. بەگوێرەی بڕیارەکە، پاسەوانانی سنوور دەسەڵاتی ئەوەیان پێدەدرێت تەواوی ئەو کۆچبەرانەی روو لە ئەمریکا دەکەن بگەڕێننەوە نێو خاکی مەکسیک. ئەو بڕیارە ئەو کۆچبەرانەش دەگرێتەوە کە داوای مافی پەنابەری دەکەن.
 
لە ئاداری ساڵی 2020ـەوە ئەمریکا لانیکەم 2 ملیۆن و 800 هەزار کۆچبەری بە پەیڕەوکردنی ئەو یاسایە گەڕاندووەتەوە مەکسیک.
 
لە دوای هاتنە سەر دەسەڵاتی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە کانوونی دووەمی 2021، بڕگەی 42 وەکو خۆی هێڵدرایەوە، دواتر لە 2022 ئیدارەکەی هەوڵی  نەهێشتنی دا.
 
کۆمارییەکان لە دژی لابردنی بڕگەکە وەستانەوە و کەیسەکەیان بردە دادگە. کانوونی دووەمی ئەمساڵ، حکومەتی ئەمریکا باری لەناکاوی پەتای کۆڤیدی هەڵگرت و هەفتەی رابردووش نەتەوە یەکگرتووەکان هەمان بڕیاری دا.
 
ئیدارەی بایدن چی دەکات؟
 
لە دوای لابردنی بڕیارەکە، باس لەوە دەکرێت ئیدارەی بایدن، یاسای نوێ بۆ رێگریی لە هاتنی کۆچبەران دەردەکات. هەر کۆچبەرێک بە نایاسایی بچێتە نێو خاکی ئەمریکاوە، دەستگیر دەکرێت و بۆ 5 ساڵی دیکە مافی چوونە ئەمریکای لێدەستێنرێتەوە و رووبەڕووی لێکۆڵینەوەی یاساییش دەبێتەوە.
 
ئیدارەی بایدن بڕیاریداوە، لەکاتی گەیشتی پەناخوازان بە ئەمریکا لێکۆڵینەوەی تەواوی لەلایەن پۆلیسەوە لەگەڵ دەکرێت، ئەگەر مەترسییەکی گەورە لەسەر ژیانی هەبوو دەهێڵدرێتەوە، ئەگەر بەڵگەی پێویستیش بۆ ئەوە نەبوو، دەنێردرێتەوە.
 
هەروەها، ئەو کۆچبەرانەی لەو وڵاتانەی پێیاندا گەیشتوونەتە ئەمریکا داوای مافی پەنابەرییان نەکردووە دەگەڕێنرێنەوە نێو خاکی مەکسیک.
 
کێ دەتوانێت داوای مافی پەنابەری لە ئەمریکا بکات؟
 
بەگوێرەی یاسای نوێی ئەمریکا کە ئیدارەی جۆ بایدن دەریکردووە؛ هەموو مانگێک ئەمریکا 30 هەزار کۆچبەر لە وڵاتەکانی ڤەنزوێلا، هایتی، نیکاراگوا و کوباوە وەردەگرێت، بەڵام بۆ ئەوە چەند مەرجێکی داناوە کە ئەمانەن:
 
کۆچبەر دەبێت لە رێگەی ئەپلیکەیشنێکەوە بە ئۆنڵاین داوای مافی پەنابەری بکات، دەبێت بە فڕۆکە بچێتە ئەمریکا و سپۆنسەرێک بۆ خەرجی گەشتەکەی هەبێت.
 
هەروەها هەموو مانگێک 100 هەزار کۆچبەری دیکە هەر لەو چوار وڵاتەکە وەردەگرێت کە کەسوکاریان لە ئەمریکا هەیە. ئەوانیش دەبێت بە ئۆنڵاین داوای مافی پەنابەری بکەن.