وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ رووداو: تشرینی یەکەم وەرگرتنی داواکاریی ڤیزەی لۆتەری دەستپێدەکاتەوە

12-05-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، هێشتا دەستیان بە وەرگرتنی داواکاری بۆ ڤیزەی لۆتەریی ساڵی 2025 نەکردووە؛ چاوەڕێ دەکەن تشرینی یەکەم تاوەکو تشرینی دووەمی ئەمساڵ دەستیپێبکەن. لەبارەی ماڵپەڕی ساختەش کە پارە لە خەڵک وەردەگرن، هۆشداری دەدات. 
 
ڤیزەی فرەڕەنگی یان diversity visa پرۆگرامێکی سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکایە کە ساڵانە لە رێگەیەوە بە شێوەی یانسیب، گرین کارد بە 55 هەزار کەس لە وڵاتانی جیاجیای سەرانسەری جیهان دەدرێت بۆ ئەوەی مافی مانەوە و ژیان لە ئەمریکا بەدەستبێنن و دواجار ببنە هاووڵاتیی ئەمریکی. 
 
هەفتەیەک لەمەوبەر ئەنجامی ڤیزەی لۆتەری بۆ ساڵی 2024 راگەیێندرا. 
 
ژمارەیەک ماڵپەڕی گوماناوی لەسەر ئینتەرنێت بانگەشەی ئەوە دەکەن کە سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکان و لە ئێستاوە لە بەرامبەر بڕە پارەیەک، داواکاریی ڤیزەی لۆتەری بۆ ساڵی 2025 وەردەگرن. 
 
بە مەبەستی بەدواداچوون، رووداو پرسیاری لەبارەی راستی و دروستیی ئەو ماڵپەڕانە و کاتی دەستپێکردنی وەرگرتنی داواکاریی ڤیزەی لۆتەری لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کرد؛ وەزارەتەکە لە وەڵامدا دەڵێت: "هێشتا تۆمارکردنی ڤیزەی فرەڕەنگی بۆ ساڵی 2025 دەستیپێنەکردووە. ئێمە چاوەڕێ دەکەین ماوەی تۆمارکردن بۆ ڤیزەی فرەڕەنگیی 2025 لە تشرینی یەکەمی 2023 دەستپێبکات و لە تشرینی دووەمی 2023 کۆتایی بێت."
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پشتڕاستی دەکاتەوە کە جگە لە ماڵپەڕی فەرمیی وەزارەتەکە، هیچ ماڵپەڕێکی دیکەیان نییە بۆ پڕکردنەوەی فۆرمی ڤیزەکە؛ هەروەها ڤیزەکە بێ بەرامبەرە. 
 
وەزارەتەکە بۆ رووداو نووسیویەتی: "ئاگاداری و زانیارییە نوێیەکان لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆمان بڵاودەکەینەوە، کە تاکە شوێنە بۆ ئەوەی داوکاران فۆرمی ڤیزەی فرەڕەنگی پڕبکەنەوە کە ئەویش بریتییە لە dvprogram.state.gov. وەزارەتی دەرەوە تەنیا لە رێگەی ماڵپەڕی ڤیزەی ئەلیکترۆنی فرەڕەنگیەوە فۆرمەکان وەردەگرێت کە هەموو رێنماییەکانی لەسەرە و هیچ رسووماتی پڕکردنەوەشی نییە."
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هاوکات روونیدەکاتەوە کە ئاگانامە و رێنمایی دژی ساختەکاری و هەڵخەڵەتاندن بۆ پێشكێشکارانی داواکاریی ڤیزەی لۆتەری لەسەر ماڵپەڕێکی تایبەتمەند بڵاودەکرێنەوە. 
 
 
لە 6ی ئایار، ئەنجامی ڤیزەی لۆتەریی ساڵی 2024 راگەیێندرا. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت: "ئێمە هانی داواکاران دەدەین دڵنیابنەوە لەوەی ماڵپەڕە فەرمییەکە بەکاردێنن و خۆیان لە هەموو سەرچاوەیەکی دیکە بەدوور بگرن کە بانگەشەی ئەوە دەکەن نوێنەرایەتیی پرۆگرامی ڤیزەی فرەڕەنگی دەکەن."
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت: "وەک ساڵانی رابردوو، نزیکەی 55 هەزار ڤیزە بەردەستن بۆ پرۆگرامی ڤیزەی فرەڕەنگیی 2024،" بەڵام روونیشیدەکاتەوە کە "هەڵبژاردنی کەسێک بە براوە، گەرەنتیی وەرگرتنی ڤیزە یان چاوپێکەوتنی ڤیزەکەی نییە، ئەوە لە کاتێکدایە کە کۆمەڵێک رێکار هەن کە دەکرێت ببنە بەربەست لە بەردەم ئەو کەسانەی وەکو براوەی ڤیزە لۆتەرییەکە دەستنیشاندەکرێن:
 
شکستهێنان لە چاوپێکەوتنی ڤیزەکە
 
دوای هەڵبژاردنیان، داوا لە براوەکان دەکرێت بۆ چاوپێکەوتن بڕۆنە باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا لە وڵاتەکانیان بۆ ئەوەی گونجاوبوونی خۆیان بۆ چوونە ئەمریکا بسەلمێنن. بەرپرسانی باڵیۆزخانەکە سەرنجیان بە دیاریکراوی لەسەر پشتڕاستکردنەوەی راستی و دروستیی ئەو بەڵگەنامە و زانیارییانە دەبێت کە داواکار لە فۆڕمەکەیدا پێشكێشی کردوون. 
 
زۆربەی ئەو براوانەی چانسی کۆچکردن بۆ ئەمریکا لەدەستدەدەن، لەم قۆناخەدا لەدەستی دەدەن. هۆکارەکە دەکرێت پێدانی زانیاریی هەڵە بێت لەسەر باری خێزانی، یان نەبوونی پێشینەیەکی پاک لە تاوان. 
 
نەبوونی توانای دارایی بۆ درێژەدان بە پرۆسەی وەرگرتنی گرین کارد
 
بردنەوەی ڤیزەی لۆتەری، دەستپێکی پڕۆسەیەکە کە پێویستی بە پارەیە. بردنەوەی لۆتەرییەکە بە واتەی ئەوە نایەت راستەوخۆ دەڕۆیتە ئەمریکا، چونکە دەبێت بۆ هەرکەسێک 330 دۆلار پارەی ڤیزەکە، 300 بۆ 400 دۆلاری دیکە پارەی رسووماتی پزیشکی، هەروەها پارەی تیکتی فڕۆکە بدەیت. جگە لەوە، 200 دۆلاری دیکەش پارەی گرین کاردەکەت لێ وەردەگیرێت. 
 
هەروەها ئەگەر کەسێکت لە ئەمریکا نەبێت لای بمێنیتەوە، پێویستت بە بەکرێگرتن یان کڕینی شوێنێکە بۆ مانەوە کە رەنگە بە هەرزانی دەستت نەکەوێت. 
 
لەپاشبوونی ژمارەی دۆسیەکە
 
براوەکانی ڤیزەی لۆتەریی ئەمریکا، ژمارەیەکیان پێ دەدەرێت کە دەتوانرێت لە رێگەیەوە بزانرێت براوەکە کەی بانگهێشتی چاوپێکەوتنەکە دەکرێت. ئەگەر ژمارەکە زۆر لەپاش بێت، بەدەستهێنانی چاوپێکەوتنەکە ئەگەری کەمتر دەبێت یانیش دوا دەکەوێت. ڤیزەی لۆتەری ساڵانە بە 55 هەزار کەس دەدەرێت، بۆ نموونە ئەگەر ژمارەی دۆسیەکەت 100,000 بێت، چانسی تۆ بۆ بەدەستهێنانی چاوپێکەوتنەکە بەراورد بە خاوەنی دۆسیەی ژمارە 5,000 کەمترە. 
 
ئەگەر وڵاتەکەت نەگرێتەوە
 
ئەو وڵاتانەی لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا زیاتر لە 50 هەزار هاووڵاتییان کۆچیان کردووە بۆ ئەمریکا، ئەم بەرنامە نایانگرێتەوە. ئەمساڵ ڤیزەکە عێراق دەگرێتەوە، بەڵام ئەم وڵاتانە ناگرێتەوە: بەنگلادش، بەرازیل، کەنەدا، چین، کۆڵۆمبیا، کۆماری دۆمینیکان، سلڤادۆر، هایتی، هیندۆراس، هیندستان، جامایکا، مەکسیک، نایجیریا، پاکستان، فیلیپین، کۆریای باشوور، بەریتانیا، ڤەنزوێلا و ڤێتنام.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە