نیویۆرک..تابلۆیەکی پیکاسۆ بە 179 ملیۆن دۆلار فرۆشرا


رووداو - نیویۆرک

 لە مەزادێکی ئاشکرادا لە ئەمریکا، تابلۆیەکی پابلۆ بیکاسۆی هونەرمەندی بەناوبانگی ئیسپانی  ژمارەی پێوانەیی شکاند ، کاتێک بە 179 ملیۆن دۆلار فرۆشرا، هەروەها پەیکەرێکی پەیکەرتاشی ئیتاڵی ئەلبێرتۆ گیاکۆمێتی وەک گرانبەهاترین کاری دەستی و پەیکەرتاشی بە ١٤١ ملیۆن دۆلار فرۆشرا.

درەنگانی شەو لە نمایشێکدا لە شاری نیویۆرک لە مەزادێکی کراوەدا چەندین کەلوپەلی هونەرمەندە بەناوبانگەکانی جیهان نمایشکرا، ئەو تابلۆ و پەیکەرانەی لەو شوێنە نمایشکران مێژوویی بوون و تەمەنیان زیاتر لە نیو سەدە دەبوو.

لە مەزادەکەدا  تابلۆی "ژنەکانی جەزائیر"ی هونەرمەند پیکاسۆ بە نرخی ١٧٩ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار دۆلار فرۆشرا، هەروەها پەیکەری " پیاوی دەستنیشانکراو"ی پەیکەرتاش ئەلبێرتۆ گیاکۆمێتی بە  ١٤١ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار دۆلار فرۆشرا.

هەرچەندە مەزادەکە  کراوەبوو، بەڵام کڕیارانی تابلۆ و پەیکەرەکە داوایانکرد ناویان ئاشکرانەکرێت، پێشتریش تابلۆی "خانمەکانی  جەزائیر" موڵکی دوو ئەمریکی بەناوەکانی ڤیکتۆر و سالی گانز بوو، کە ئەوانیش ئارەزوویان لە شتە گرانبەهاکانە.

لەو مەزادەدا  لە کۆی ٣٥  پارچە  ٣٤یان فرۆشران و لەیەک شەودا ٧٠٦ ملیۆن دۆلار خەرجکرا.

فرۆشتنی کەلوپەلە گرانبەهاکان شتێکی باوە و ژمارەی ئەوانەشی کە ئارەزووی کۆکردنەوەی ئەو پارچانە دەدەن رۆژ دوای رۆژ زیاد دەکات.