رووداو دیجیتاڵ
رەوەندی کوردی لە شاری ناشڤیڵی ویلایەتی تێنیسی ئەمریکا ئاهەنگێکی تایبەت بە نەورۆز بەڕێوەدەبات. سەرۆکی ئەنجوومەنی کوردی لە ناشڤیڵ هیوا دەخوازێت حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بۆ کوردانی نیشتەجێی شارەکە هەبێت.
بڕیارە سبەی یەکشەممە 13-04-2025 ئاهەنگی نەورۆز لە ناشڤیڵی ئەمریکا بەڕێوەبچێت. تەعبیر سندی، سەرۆکی ئەنجوومەنی کوردی لە ناشڤیڵ لە نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداودا کە دڵدار هەرکی پێشکێشی کرد، رایگەیاند، "دەبووایە ئاهەنگی سەرەکیی ئێمە لە 6ی نیسان بەڕێوەچووبووایە، بەڵام بەهۆی خراپیی کەشوهەوا بۆ 13ی مانگ دواخرا."
ئەم ساڵ نەورۆز لە مانگی رەمەزاندا بوو. تەعبیر سندی دەڵێت، "وەکو رێزێک بۆ خەڵکی [موسڵمانی] خۆمان، بڕیارمان دا ئاهەنگەکە دوای جەژنی رەمەزان بگێڕین."
بە گوتەی سەرۆکی ئەنجوومەنی کوردی لە ناشڤیڵ، هەموو ئامادەکارییەک کراوە و رایگەیاند، "ئاهەنگی نەورۆزی ناشڤیڵ لە ساڵی 2006ـەوە وەکو هێمایەکی لێهاتووە و جیاواز لە کوردانی نیشتەجێی شارەکە، [هاونیشتمانییان] لە ویلایەتەکانی دیکەشەوە بەشداریی تێدا دەکەن."
وەکو تەعبیر سندی گوتی، بڕیارە حکومەتی خۆجێیی ناشڤیڵ، ئەندامانی شارەوانی و قایمقامی شارەکە لە ئاهەنگەکەدا بەشداری بکەن و گوتی، "هەروەها [هاووڵاتییانی] فارس، عەرەب و زۆرێک لە نەتەوەکانی دیکە ساڵانە تێیدا ئامادە دەبن."
سەرۆکی ئەنجوومەنی کوردی لە ناشڤیل نەورۆزی ئەم ساڵ بە "هەستیار" ناودەبات و دەڵێت، "لە هەر چوار پارچەی کوردستان، هەندێک رووداوی گرنگ هەبوون؛ بۆیە خەڵک زیاتر سەرنجی خستووەتەسەر ئاهەنگەکە. بۆ نموونە لە رۆژئاوای کوردستان سەرهەڵدانێک روویداوە، لە رۆژهەڵاتی کوردستان نەورۆزی ورمێ و خاکیپۆشانمان هەبوو؛ ئێمەش حەز دەکەین ئاهەنگی نەورۆزی خۆمان بەو رووداوانەوە ببەستینەوە."
شاری ناشڤیڵ بەهۆی هەبوونی بەشێکی گەورەی رەوەندی کوردی، بە "کوردستانی بچووک" دەناسرێت. تەعبیر سندی گوتی، "دوای ئیسپانییەکان، دووەم گەورەترین نەتەوەین لە ناشڤیڵ."
سەرۆکی ئەنجوومەنی کوردی لە ناشڤیڵ ئەوەشی خستەڕوو، ژمارەی دروستی کوردی نیشتەجێی شارەکە دیار نییە، "بەڵام نزیکەی 20 هەزار بۆ 30 هەزار کوردی تێدا دەژی."
لەبارەی ئەوەی کە لە ئاهەنگەکەی نەورۆزی ناشڤیڵدا هیچ پەیامێک لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەخوێندرێتەوە یان نا، تەعبیر سندی گوتی، "زۆر جار هەوڵمان داوە کە پەیامێک لە حکومەتەوە بۆ پیرۆزبایی هەبێت، بەڵام تاوەکو ئێستا شتێکی لەو شێوەیە نەکراوە."
سەرۆکی ئەنجوومەنی کوردیی ناشڤیل ئومێد دەکات، "ئەم ساڵ پەیامێکی خۆش لە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ پیرۆزبایی بگات، بەتایبەتی دوای ئەوەی کە ناشڤیل و هەولێری پایتەخت بوونەتە دەستەخوشکی یەکدی."
رۆژی 09-09-2023 لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا لەلایەن ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بەرپرسانی شاری ناشڤیڵ واژۆ لەسەر بەدەستەخوشکبوونی هەردوو شارەکە کرا، بەوپێیەش هەولێر بووە دەیەمین دەستەخوشکی شاری ناشڤیڵ.
لەو 10 دەستەخوشکەی ناشڤیڵ، هەولێر تاکە شاری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ