ئەڵمانیا سێ مێرمنداڵ بەتۆمەتی 'پلاندانان بۆ هێرشێک' دەستگیر دەکات
رووداو دیجیتاڵ
داواکاری گشتیی ئەڵمانیا رایدەگەیێنێت، سێ مێرمنداڵیان لە رۆژئاوای وڵاتەکە دەستگیر کردووە، کە "پلانیان هەبووە هێرشێک" بکەن.
رۆژی هەینی، 12ـی نیسانی 2024، داواکاری گشتیی ئەڵمانیا لە راگەیێندراوێکدا دەستگیرکردنی دوو کچ و کوڕێکی راگەیاند و گوتی، "سێ مێرمنداڵەکە زۆر گومانی ئەوەیان لێدەکرێت، کە پلانی هێرشێکی تیرۆریستی هاندراوی ئیسلامییان هەبووە".
سێ مێرمنداڵەکە، بەگوتەی داواکاریی گشتیی ئەڵمانیا، تەمەنیان لەنێوان 15 تاوەکو 16 ساڵ بووە و لە شاری دۆسلدۆرف نیشتەجێبوون.
میدیای ئەڵمانیا ئاماژە بەوە دەکات، سێ مێرمنداڵەکە پلانیان هەبووە کە بە مۆڵۆتۆڤ و چەقۆ لەژێر ناوی رێکخراوی داعش هێرش بکەنە سەر پۆلیس و هاووڵاتییە کریستییانەکانی ئەڵمانیا.
لە حەوتی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو، دوای ئەوەی جەنگی غەززە دەستیپێکرد، حکومەتی ئەڵمانیا کەوتووەتە باری ئامادەییەوە و هۆشداری لە هێرشی گرووپە پەڕگیرەکان داوە.
لە کانوونی دووەمی ئەم ساڵ، حکومەتی ئەڵمانیا سێ کەسی بە تۆمەتی پلاندانان بۆ هێرشکردنە سەر کەنیسەی کۆڵن دەستگیر کرد.
لە چەند ساڵی رابردوودا گرووپە پەڕگیرەکان چەندینجار هێرشیان لەنێو ئەڵمانیا کردووە، خوێناویترینیشیان لە کانوونی یەکەمی ساڵی 2016 بوو، کاتێک کەسێک بە بارهەڵگرێک خۆی کرد بەنێو مارکێتێکی تایبەت بە کەلوپەلی ئاهەنگی سەری ساڵ و 12 کەسی کوشت.
بەگوێرەی راپۆرتێکی دەزگای هەواڵگریی ئەڵمانیا، لە ساڵی 2021 زیاتر لە 28,290 کەس هەڵگری بیری تووندڕۆیی بوون و لە ساڵی 2022ـیش ژمارەکە بۆ 27,480 کەس دابەزیوە.
نانسی فێیزەر، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیاش چەندین جار هۆشدای لەوە داوە کە "ئیسلامییە پەڕگیرەکان" مەترسی و هەڕەشەن بۆ سەر ئەڵمانیا.