هۆڵەندا لەسەر قاچاخچییەکان رەخنەی لە ئاژانسی فرۆنتێکس دەگرێت

رووداو دیجیتاڵ 

هۆڵەندا رەخنەی لە ئاژانسی فرۆنتێکس هەیە و دەڵێ وادەکەن بەئاسانی نەتوانین قاچاخچییەکان دەستگیربکەین.
 
فرۆنتێکس دەزگای پاراستنی سنوورەکانی یەکێتیی ئەوروپایە؛ کاتێک کۆچبەرێک دەگاتە نێو یەکێتیی ئەوروپا، یەکەمجار ئەفسەرێکی فرۆنتێکس لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکات و لەوە دەکۆڵێتەوە کە چۆن هاتووە و بۆ نموونە کام قاچاخچییە هێناویەتە نێو یەکێتییەکە. 
 
بەم دواییانە فرۆنتێكس سیستمی کارکردنی خۆی لەگەڵ پۆلیسی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا گۆڕیوە و چیدیکە ئەو پۆلیسانە ناتوانن هەرکاتێک ویستیان تەماشای داتاکانی فرۆنتێکس بکەن. 
 
وەزارەتی نێوخۆی هۆڵەندا رایگەیاندووە کە ئەو گۆڕانکارییە کێشەی گەورەی بۆ پۆلیسی هۆڵەندی دروستکردووە و ناتوانن وەک پێویست رێگە لە بەقاچاخ هێنان و بردنی کۆچبەران بگرن. چونکە کاتێک کۆچبەران دەگەنە هۆڵەنداش لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێ و هەندێکجار بەوە لە هۆڵەندا دەیڵێن و ئەوەی کۆچبەرانی دیکە لەسەر سنوورەکانی ئەوروپا بە فرۆنتێکسیان گوتووە دەکرێ زووتر ناسنامەی قاچاخچییانی کۆچبەران ئاشکرا بکرێن. 
 
هانس لەیتنس، بەڕێوەبەری فرۆنتێکس رەخنەکەی هۆڵەندای پێ راست نییە و دەڵێ هەر بەردەوام دەبین لە یارمەتیدانی پۆلیسی وڵاتان، بەڵام پێویست نییە هەموو ئەو زانیارییانەی کۆیاندەکەینەوە ئەوانیش بیبینن.