سوێد ئاسانکاری بۆ ئەو کۆچبەرانە دەکات بڕوانامەی دکتۆرا بەدەستدێنن

رووداو دیجیتاڵ 

سوێد بەوە ناسراوە کە بەم دواییە سیاسەتی کۆچبەرییەکەی دژوارتر کردووە، بەڵام بۆ خوێندکارانی دکتۆرا و توێژەران ئاسانکاریی زۆر دەکات.
 
حکومەتی سوێدی کۆمیتەیەکی پێکهێناوە بۆئەوەی ئەو رێوشوێنانە بدۆزنەوە کە وادەکەن زۆرترین قوتابیی دکتۆرا یان توێژەر بێنە سوێد. 
 
هۆیەکەشی ئەوەیە کە بەم دواییانە کەمتر ئەو کەسانە روو لە سوێد دەکەن و زۆرتر بۆ ئەڵمانیا و هۆڵەندا دەچن. 
 
سوێدییەکان دەڵێن ئەمە لە درێژمەودادا کاریگەریی دەبێ لەسەر پێشکەوتنی وڵاتەکەیان لەڕووی زانست و نوێکارییەوە.
 
ئێستا سوێد لەسەر ئاستی جیهان یەکێکە لەو وڵاتانەی بەوە دەناسرێتەوە کە نوێکاریی زانستیی گەورەی تێدا دەکرێ و دەوڵەتیش پشتیوانیی زۆری ئەو بوارە دەکات.
 
ئێستا 17,450 خوێندکاری دکتۆرا لە سوێد هەن، 10 ساڵ پێشتر ئەو ژمارەیە بەرزتر بوو و 18,397 خوێندکار بوون. 
 
یەکێک لە هۆکارەکانی ئەو کەمبوونەوەیە دژوارکردنی سیاسەتی کۆچبەری و یەکلایینەکردنەوەی کەیسی ئەوانەیە کە دەیانەوێ بچنە سوێد و لەوێ دکتۆراکەیان بەدەست بهێنن.