چیرۆکی زیندانیکردنی کۆچبەرێکی کورد لە ئەڵمانیا؛ 'ئەوەی کردیان بێڕێزی بوو بە دەوڵەتی عێراق'

 
رووداو دیجیتاڵ 

دیاسپۆرا چیرۆکی دەستگیرکردن و زیندانیکردنی کۆچبەرێکی کورد لە ئەڵمانیا ئاشکرا دەکات کە لەلایەن کۆنسوڵخانەیەکی عێراق لە ئەڵمانیا لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کراوە. 
 
بارزان ئەو کۆچبەرەیە و دەڵێت، "چەند کەسێک دەستگیریان کردم و منیان برد بۆ بنکەی پۆلیس، پێیان گوتم ژوانت لەگەڵ کۆنسوڵی عێراق هەیە بۆئەوەی بیسەلمێنی عێراقی یان نا. وێڕای ئەوەی پێشتر پاسپۆرت و ناسنامە و وڵاتینامەی خۆمم رادەستکردبوون."
 
بارزان دەشڵێت، نزیکەی یازدە رۆژ لە زیندان ماوەتەوە و "ئەوەی کردیان بێڕێزی بوو بۆ تاکی عێراقی و دەوڵەتی عێراق." 

 

 
کاتێک چووەتە کۆنسوڵخانە چەند کەسێک وەک کارمەندی کۆنسوڵخانەی عێراق خۆیان ناساندووە و پرسیاریان لێکردووە. پێیانگوتووە کە تەنیا بۆئەوە هاتوون بیسەلمێنین تۆ عێراقی یان نا. 
 
بارزان دەشڵێت، لەکاتی چاوپێکەوتنەکە "پەردەیەک لەنێوانمان دانرابوو بۆ ئەوەی نەیانبینم. بە کوردی و عەرەبی قسەیان لەگەڵ کردم." 
 
 
گفتوگۆی رووداو لەگەڵ کۆچبەرە کوردەکە: 
 
بارزان: من  لە بەڕێوەبەرایەتیی پەنابەران ژوانم هەبوو، کە گەیشتم، چەند کەسێک دەستگیریان کردم و منیان برد بۆ بنکەی پۆلیس.
 
رووداو: پێیان گوتی بۆچی دەستگیرت دەکەن؟
 
بارزان: پێیان گوتم تۆ ژوانت هەیە لەگەڵ کۆنسوڵی عێراق لێرە، بۆئەوەمانە بیسەلمێنین ئایە تۆ عێراقی یان نا، پێشتریش پاسپۆرتی خۆم رادەستی ئەوان کردبوو، هەروەها پشتگیریشم بۆ هێناون کە سەلماندوومە من عێراقیم، نەک جارێک بەڵکو چەند جارێک لە رێگەی پارێزەرەکەمەوە، بۆیە من نەمزانی هۆکاری ئەو دەستگیرکردنە و لێکۆڵینەوە چی بوو، بۆ من وەک خەیاڵێک بوو، چونکە هەموو شتێکی خۆم پێشتر رادەست کردبوون کە سەلماندوومە من عێراقیم.
 
رووداو: چەند لە زیندان مایەوە؟
 
بارزان: ماوەی دوو رۆژ و شەوێک لە زیندان مامەوە، دوای ئەوە منیان برد بۆ زیندانێکی دیکە و لەوێش هەشت بۆ نۆ رۆژ مامەوە، زیندانێکی نیزامی بوو، بەهیچ شێوەیەک بۆمان نەبوو بچینە دەرەوە، جگە لەو یەک کاژێرەی کە بۆ ئێمەیان دانابوو، دواتر لەوێش گوازرامەوە و منیان برد بۆ شارێکی دیکە لەوێ چەند کارمەندێکی کۆنسوڵخانەی عێراق ئامادەبوون و چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کردم.
 
رووداو: کارمەندانی ئەو کۆنسوڵخانەیە چ پارسیارێکیان لێکردی و باسی چییان کرد؟ ئایە پێیان گوتی کە ئەوان کارمەندی کۆنسوڵخانەی عێراقن یان نا؟
 
بارزان: کاتێک من چوومە ئەوێ بۆ من شۆکێک بوو، سەرەتا هەر نەشمزانی بۆچی دەستگیرکراوم، تاوانێکی گەورەمان نەکردووە تاوەکو دەستگیر بکرێین، ئەمەی ئەوان کردیان بێڕێزییە بۆ تاکی عێراقی و بۆ دەوڵەتی عێراقیش، بەڵام کاتێک چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کردم تەنیا سێ چوار پرسیاری ئاساییان لێکردم و مایەی شۆکێکی گەورە بوو، بۆ نموونە لێیان پرسیم، ناوت چییە و کەی لەدایکبووی و لە کوێیوە هاتووی، هەروەها گوتیان ئێمە تەنیا بۆئەوە هاتووین بیسەلمێنین ئایە تۆ عێراقی یان نا.
 
رووداو: ئەوانەی پرسیاریان لێکردی پێیان گوتی کە ئەوان کارمەندی کۆنسوڵخانەی عێراقن؟
 
بارزان: بەڵێ بەڵی، وایان پێگوتم، بەڵام ئەوە جێگەی شۆک بوو بۆ من، چونکە من یەکەمجارە شتێکی ئاوا دەبینم، لەهەمووی سەیرتر ئەوەبوو، لەکاتی چاوپێکەوتنمان پەردەیەک لەنێوانمان دانرابوو بۆ ئەوەی ئێمە ئەوان نەبینین، ئێمە لە ئەڵمانیا چەند جارێک چووینەتە لای دادوەر شتی وامان نەبینیوە، لە ئەورووپاش نەماندیوە، بەداخەوە کاتێک بمانەوێ چاومان بکەوێت بە کۆنسوڵێکی عێراقی یان کارمەندیكی ئاسایی کۆنسوڵخانەیەکی عێراق، پەردەیەک لەنێوان خۆی و ئێمە دادەنێن بۆ ئەوەی نەیبینین، ئینجا ناشزانم راستبوو یان نا، بەڵام پێیان گوتم کە کارمەندی کۆنسوڵخانەی عێراقن لە ئەڵمانیا.
 
رووداو: بە کوردی یان عەرەبی قسەیان لەگەڵ کردی؟
 
بارزان: بە کوردی قسەیان لەگەڵ کردم و یەکێکیشیان لەگەڵدابوو ئەو بە عەرەبی قسەی لەگەڵ کردم.

رووداو: ئەو چاوپێکەوتن و قسەکردنەی نێوانتان ماوەکەی چەند بوو؟ ئایە جگە لەو پرسیارانەی کە خۆت گوتت ئاسایی بوون، پرسیاری دیکەیان لێکردی؟
 
بارزان: بەڵێ، کاتێک ئێمە چووینە ژوورەوە هەموو شتەکانیان لێسەندین، مۆبایل و هەموو شتێکمان، وەک ئەوەی تاوانێکی گەورەمان کردبێت، کاتێک چووینە ژوورەوە کارمەندانی کۆنسوڵخانەی عێراق سەرەتا بەرواری لەدایکبوون و ناو و ناونیشانیان لێپرسیم، دواتر گوتیان ئایە دەزانیت کەیسەکەت بەکوێ گەیشتووە، گوتم بەڵێ چونکە من پارێزەرم هەیەو  دەزانم چمیمکردووە لەم وڵاتە، ئینجا پێیان گوتم، بە پارێزەرەکەت بڵێ کارەکانت باشتر بکات و باشتر بەڕێوەیان ببات، چونکە فەرمانکراوە کە تۆ دیپۆرتبکرێیەوە، بەڵام هیچ یاسایەک نییە بۆ ناردنەوەی کۆچبەرانی عێراقی لە ئەڵمانیاوە بۆ عێراق.
 
رووداو: پرسیاریان لێکردی کە تۆ چ بەڵگەنامەیەکی عێراقیت هەیە؟
 
بارزان: بەڵێ، پرسیاریان کرد و پێم گوت ئەو کەسەی قسەی لەگەل کردم و بەتایبەت بەوم گوت کە من خۆم بەدەستی خۆم پارەم بەتۆ دا، ناتوانم بڕەکەی بڵێم کە خۆت پشتگیریت پێداوم کە من وڵاتینامەی عێراقیم رادەستکردووی، پێشم گوت ئەمە تاوانێکە بەرامبەر بە مرۆڤێک دەیکەن و بێڕێزییە بە تاکی عێراقی لێرە زیندانی بکرێین لەپێناو چاوپێکەوتنێک، دەبووایە لە رێگەی پۆستێک یان پەیوەندییەک ئاگادار کرابامەوە کە فڵانە رۆژە چاوپێکەوتنت هەیە، بۆئەوەی منیش هاتبام و بۆم سەلماندبای کە من عێراقیم، خاڵی دووەم من پێشتر هەموو بەڵگەنامەکانی خۆمم رادەستکردوون، پاسپۆرتی عێراقیم رادەستکردوون کە ئێستا ماوەکەی بەسەر چووە، هەروەها ناسنامە و وڵاتینامەی خۆم رادەستکردوون، هەروەها (سورەت قەیدی) ئەلیکترۆنیم دەرهێنا و رادەستی ئەوانم کرد، واتە هەموو بەڵگەنامەیەکم رادەستکردوون، هیچ بەڵگەیەکی دیکە نییە جگە لەوانەی رادەستم کردوون کە بیسەلمێنێت کەسێک عێراقییە یان نا.
 
رووداو: پێیان نەگوتی دوای چاوپێکەوتنەکە بگەڕێوە یان بمێنەوە، یان تەنیا پرسیاری بەڵگەنامەکانیان کرد؟
 
بارزان: بڕوابکە، وەک گوتم سەرەتا تەنیا داوای ناو و ناونیشان و رێککەوتی لەدایکبوونیان لێکردم، دووەمیش پێیان گوتم کە بە پارێزەرەکەم بڵێم باشتر کارەکانم بەڕێوەببات، چونکە یاسایەک بۆ دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران دەرکراوە، بەڵام هێشتا جێبەجێ نەکراوە، واتە هیچ بڕیارێک لە حکومەتی عێراقییەوە نەهاتووە بۆ ئەوەی ئەوانی وەک جەنابت بێ کێشەن بیانگەڕێنینەوە، دوای ئەوە دادگەی ئەڵمانیا داوای لێبوردنی لێکردین لەسەر پێشێلکردنی مافەکانمان لێرە و زیندانی کردنم، کەچی ئەوان داوای لێبوردنیشیان لێنەکردم، مامەڵەیەکی وا ناشرینیان کرد کە مرۆڤ پێی شەرم بێت لەوێ بڵێت من عێراقیم.
 
رووداو: سوپاس