چیرۆکی موسڵمانبوونی ژنە هونەرمەند و پاڵەوانێک لە ئەڵمانیا: پێشتر هەموو شتێک تاریکایی بوو
رووداو دیجیتاڵ
دەچمە دیارترین و بەنێوبانگترین مزگەوتی ئەڵمانیا لە شاری کۆڵن. لەوێ هانا هانزن دەبینم و گفتوگۆی لەگەڵدا دەکەم کە ژنێکە لەنێو کایەی هونەری و وەرزشیی ئەڵمانیادا ناوێکی دیارە. ئەو چیرۆکی موسڵمانبوونی خۆیم بۆ دەگێڕێتەوە و باسی ئەوە دەکات کە ئەو هەنگاوەی چۆن واتای بە ژیانی بەخشیوە.
لە ساڵی 2019 ئەو کاتەی هانا تەمەنی 39 ساڵان بوو، لە چالاکییەکدا بۆ کەسانی خاوەن بەهرەی زۆر و شارەزایی لەسەر ئاستی ئەڵمانیا خەڵاتی پێ بەخشرا، هەر لەو رێوڕەسمە، دی جەی بۆ هەزاران کەس لێدا و ئاهەنگیان گێڕا.
لە ئەوانەش سەرنجڕاکێشتر، هانا پێنج جار پاڵەوانی ئەڵمانیا و پاڵەوانی جیهانیی کیکبۆکسینگ بووە، ئێستاش بووەتە موسڵمان بەبێ ئەوەی بە سەرپۆش قژی دابپۆشێت.
هانا کە قورئانێک و چەند کتێبێکی دیکەی لەبارەی ئیسلام لەبەردەست بوو، چیرۆکی موسڵمانبوونەکەی بەمشێوەیە بۆ گێڕامەوە:
"من پێش نزیکەی سێ ساڵ ئایینم گۆڕی. بۆ من زۆر زۆر گرنگ بوو کە ساڵانی سەرەتا یەکتاپەرستی لەنێو دڵمدا جێگیر ببێت. متمانەی خوای گەورە سبحانه و تعالى، تاکە خودا کە شایستەی پەرستن بێت، هەروەها پێغەمبەر محەممەد دروودی خوای لێبێت، دوایین نێردەیە بەدەستبهێنم. من ئیسلامم خۆشدەوێ، من ئەم ئایینەم خۆشدەوێ، بەڵام من لە لەچک زۆر دوورم. ئێستا من ناتوانم بیر لەوە بکەمەوە لەچک لەسەر بکەم. کاتی خۆی شێخەکەم بە منی گوت، هانا هەموو شتێک لە کاتی خۆیدا. ئەگەر بەزۆر بووایە، من حیجابم نەدەکرد و ئەم خوداپەرستییە قبووڵ نەدەکرا. لێرەشدا دەبێ ئێمە تەماشا بکەین لە کوێ کولتوور دەستپێدەکات و کۆتایی دێت، لە کوێ سیاسەت دەستپێدەکات و کۆتایی دێت و لە کوێ ئەمانە لەوانەیە یەکدی بەخراپە بەکاربهێنن بۆ ئەوەی لە لایەکی دیکەوە وێنەیەکی باشتر بۆخۆیان دروست بکەن. بە زمانێکی زۆر ئازادانە باسم کرد، ئەمەش گرنگە. وەک گوتم زۆری لە ئاییندا نییە و ئەمە دەکرێ هەڵە بێ."
لە پەیمانگەی زانستە ئیسلامییەکان لە شاری ڤوپەرتاڵ، هانا و ژمارەیەک قوتابیی دیکە لەلای د. ئەمیر زێدان، کەسایەتیی ئایینیی ئەڵمانیا کە هەندێکجار بە رادیکاڵ و هەندێکجار بە ئیخوان ناوی دەبرێت، دەخوێنن.
د. ئەمیر زێدان پرۆفیسۆر و سەرۆکی پەیمانگەکەیە، لەبارەی چیرۆکی هاناوە ئاوا قسەی کرد:
"من هانا هانزم لە سەرەتای ئەم ساڵەوە ناسیوە. ئێمە لە چالاکیێک بووین لە کۆڵن، پێشتر نەمدەناسی و من هیچ خولیایەکم نەبوو بۆ یاریی بۆکسینگ، نە هیی ژنان و نە هیی پیاوان، کاتێک ئەوم بینی بۆم دەرکەوت کە ئەو ئیسلام دەناسێت و هەندێک دەستەواژەی بەکارهێنا، بەڵام من نەمدەزانی ئەو چۆنە و یەکدیمان نەدەناسی، نەیشمان پرسی ئەمە کێیە لێرە دانیشتووە. دوای یەک دوو رۆژ پەیامێکم بینی و ڤیدیۆیەک لەبارەی ئەو گفتوگۆیەی ئێمە، ئیدی بۆم دەرکەوت من لەگەڵ کێدا دانیشتبووم. لەو کاتەوە پەیوەندییەکی چڕمان لەگەڵ یەکدیدا هەیە. ئەو دەیەوێت بخوێنێت و ئاستی زانست و زانیاریی خۆی بە بەڵگەوە بسەلمێنێت، بەمەش گەیشتە ئەوەی وەکو خوێندکارێک لە پەیمانگەکەی ئێمەدا وەربگیرێت."
هانا نایشارێتەوە کە پێشتر سەرنجی لەسەر ئیسلام نەبووە، بەڵام ماوەیەکی درێژە بەدوای واتای ژیاندا دەگەڕێت و وەکو خۆی باسی دەکات، لە خوداپەرستی و رێگەی ئیسلامدا دۆزیویەتییەوە.
هانا دەڵێت: "من چیرۆکێکی زۆر زۆر درێژم هەیە. من بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ بەدوای واتای ناسراوی ژیاندا دەگەڕام و پرسیاری ئەوەم دەکرد، ئەمە هەمووی بۆچییە؟ دەبێ واتایەک هەبێت، هەموو شتێک واتایەکی هەیە. هەموو شتێک کە ئێمە دەبینین واتای خۆی هەیە. قەڵەم واتای هەیە، ئەو بەبێ مەبەست لەوێ نییە، بەڵکو ئەویش واتایەکی هەیە و ئێمەش وەک مرۆڤ دەبێ واتایەک ببەخشین ئەگەر نا هەموو شتێک بێ واتا دەبێت. من لە سەرتاسەری جیهان بەدواییدا گەڕام. ئەو کاتە تازە گەیشتمە تەمەنی 18 ساڵی من رۆیشتمە دەرەوەی وڵات و لە پاریس مۆدیلینگم بۆ دیزاینە نێودەوڵەتییەکان کرد، دیزاینەری گەورەش وەک ئێسکادا، ماکس مارا و دیۆر. من لەنێوان دوو کەوانەدا، بەڕاستی وام دەبینی کە جیهانی سێکۆلار چی دروست کردووە و من لەسەر سەکۆی ئەو جیهانە وەک ئەوەیە لەماڵی خۆمدا بم، بەڵام ئەو کاتەی دەگەڕام، دوای ئەو هەموو چاوەی کە لەسەرمە و ئەو نێوبانگەی پەیدام کرد، تەنیا بۆشایی و تاریکیم دەبینی."
لە بەشێکی دیکەی گێڕانەوەکەیدا، هانزن باس لەوە دەکات، ئەو چواردەوری پڕ بووە، بەڵام "بۆشاییم لە دڵمدا دەبینی. سەیری ئایینەکانم دەکرد، سەیری هیندۆییزمم کرد، ئینجیلم خوێند، مەسیحیەتم خوێند. من رێوڕەسمی پاکبوونەوەم بۆ کراوە لە مەسیحیەتدا. دایک و باوکم زۆر باوەڕمەند نەبوون، بەڵام بۆ منیان کرد، ئەمە لە ئەڵمانیا هەیە، کەم تا زۆریش بۆ دیارییەکانە. دواتر من بە زانینەوە خولیایی ئایینەکانم بۆ دروست بوو، بەڵام لێرەشەوە من رووبەڕووی دووبەندی دەبووم. لە هیندۆییزمدا بێگومان شتی باش هەبوون، بەڵام زۆر شتیش هەبوون کە بۆ من هیچ واتایێکیان نەبووە وەک فرەخوداوەندیی کە بۆ هەر شتێک خوداوەندێکی جیاواز هەیە، خودایە بمبەخشە. ئەمە ئەوە نەبوو کە دەمویست. من نەمدەتوانی بە باشی روونی بکەمەوە، بەڵام لە ناوەوەمدا هەستێکی ناخۆشم هەبوو، شتێکم هەبوو. ئەمڕۆ من دەزانم ئەوە چییە، ئەوەش فیترەتە. بەڵێ باش نەبوو. لە مەسیحیەتیشم بە هەمان شێوە بووم، تەنیا دووبەندیم دەدیت و من بەردەوامبووم لە گەڕان تاوەکو جارێک من کۆپییەکی قورئانم لە ئەمەزۆن، لە ئەڵمانیا داواکرد. من فاتیحە و بەقەرەم خوێند. بەبێ ئەوەی زۆر تێبگەم لەنێو رێزەکاندا هەستم بە گەرمایی و شیرینییەک دەکرد. سوپاس بۆ خودا، گەیشتمە شوێنی مەبەست. ئەوەی من بە دەیان ساڵ بەدوایدا لە هەموو جیهان دەگەڕام، من لە پەرتووکێکدا بینیمەوە. ئەمەش هەر پەرتووکێکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو گوتەی خودا بوو.
هانا ئێستا لە سۆشیاڵمیدیاکانی خۆیدا، ڤیدیۆی کورتی قورئان و فەرموودە و چیرۆک و بەسەرهاتی ئیسلامی بڵاودەکاتەوە.
لە گفتوگۆکەمدا لە هانام پرسی، تۆ دەتوانی لە میوزیکدا نموونەیەکی جوان بیت، لە وەرزشدا رۆڵێکی گەورە بگێڕیت بۆ گەنج و لاوەکان، ئەوە هەموو واتا نین بۆ ژیان کە تۆ بەدوایدا دەگەڕایت؟ ئەو بەم شێوەیە وەڵامی دامەوە:
من کەسایەتییەکی نێو رای گشتیم و دەزانم کە بە گومانەوە سەیری ئیسلام دەکرێت، بەڵام من باشترینم دەدەمە ئەم ئایینە، دەمەوێت ئەو چانس و دەرفەتانە بقۆزمەوە و خۆ وەکو نموونەیەک بهێنمەوە کە ئەم ئایینە چەندە جوانە و بەو شێوەیە نییە کە بەشێک لە مرۆڤەکان دەڵێن چۆنە. کاتێکیش هات کە بڕیارمدا ئەم پرسە ببەمە نێو رای گشتییەوە. لە هەر یەکێک لەو جیهانانەی من نقوومی ببووم، وەکو مۆدێلینگ، میوزیسیان، وەرزشوان، ئەوەندە جوان نین وەکو ئەوەی لە دەرەوە دیارن، ئێوە لەوە تێناگەن، چونکە سەیری یەک لایەنی دەکەن، منیش ئەو لایەنە جوانەم بینی و دەمویست رێک وەکو ئەوان بم و بگەمە ئەوێ، چونکە بیرم دەکردەوە ئەوە جوانترینە و دەکرێت زۆر خۆش بێت و بەهەشت بێت، بەڵام سەیری دیوەکەی پشتەوەیشتم کرد و دەمگوت من نامەوێت لەوێدا بم، چونکە بۆ من باش نییە. دواتر زانیم کە چ شتێک بۆ من باشە، ئەویش خوداپەرستییە، ئەوەیە کە لەنێوان من و خودا هەیە، ئەمەش بەسە بۆم. من ئەوەشم زانی کە هەموو شتێکی مادی، هیچ واتایەکیان نییە لەبەرامبەر ئەو گفتوگۆیەی کە لەگەڵ خودادا هەیە.
هانا دوای ئەوەی موسڵمان بوە، پشتیوانی لە پڕۆژە خێرخوازییەکان لە ئەفریقا دەکات، هەروەها دەیەوێت کە ئایینی ئیسلام بە شێوەیەکی راست و دروست لەنێو کۆمەڵگەی ئەڵمانیدا بڵاوبکاتەوە.