رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەردانێک دەچێتە ئیتاڵیا و لە رۆما لەگەڵ پاپای ڤاتیكان، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا و بەرپرسانی دیکە کۆدەبێتەوە.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی سەردانەکەوە راگەیێندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، نێچیرڤان بارزانی لە سەردانەکەیدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە دەگاتە رۆما و رۆژی دواتر کۆبوونەوەکانی دەستپێدەکات، "چەند پرسێکی گرنگ" لەگەڵ بەرپرسانی ئیتاڵیان تاوتوێ دەکات.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رۆما لەگەڵ جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا، پاپای ڤاتیکان و بەرپرسانی دیکەی ئیتاڵیا دیدار و کۆبوونەوەی دەبێت.
بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە کۆبوونەوەکانی دا "برهودان به پهیوهندییهکان و فراوانکردنی بوارهکانی هاریکاریی هاوبهش و چهند پرسێکی جێی بایهخی ههردوولا" لەگەڵ سەرۆکوەزیران و بەرپرسانی ئیتاڵیا تاوتێ دەکات.
رۆژی هەینی، 23-12-2022، جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا لە رێگەی فڕۆکەخانەی هەولێرەوە گەیشتە هەرێمی کوردستان و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
ئیتاڵیا لە ساڵی 2014ـەوە ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشە، 900 سەربازی لە هەرێمی کوردستان و عێراق هەن کە زۆربەیان لە هەولێرن، بەشێکیان لە سەنگەرەکانی پێشمەرگەن و بەشێکی دیکەیان وەکو راهێنەر و راوێژکار هاوکاری پێشمەرگە دەکەن.
چەندینجار و لە چەندین وێستگەدا بەرپرسانی باڵای ئیتاڵیا سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە لە نێویاندا ماتیۆ رێنزی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئیتاڵیا کە لە 20ـی ئابی 2014 بە یاوەریی شاندێکی باڵا گەیشتە هەولێر و لەگەڵ هەریەکە لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان نوێنەرایەتی لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا هەیە، هەرچەند پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و رۆما پەیوەندی تازەنین، بەڵکو مێژووی ئەو پەیوەندییانە بەشێوەیەکی فەرمی بۆ دوای 2003 دەگەڕێنەوە.
هەولێر و رۆما لە تەممووزی 2017 رێککەوتنێکی ژینگەییان واژۆکرد، لەو رێککەوتنەدا ئیتاڵیا بەڵێنی هاوکاریکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستانیدا لە هاوکاریکردنی بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا.
ئیتاڵیا لە کانوونی دووەمی 2015ـەوە تاوەکو ئەیلوولی 2020 بە هاوبەشی لەگەڵ ئەڵمانیا ئەم مەشق و راهێنانەی خوارەوەی بە پێشمەرگە دان:
- هێرشبردن و بەرگریکردنی پیادە
- بەکارهێنانی دژەتانک
- بەکارهێنانی تۆپ و هاوەن
- بەکارهێنانی نیشانشکێنی (قەناس)
- فریاگوزاریی پزیشکیی سەرەتایی
- پووچەڵکردنەوە و خۆپاراستن لە مین و بۆمبی چێندراو
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ