دوو کۆچبەر بە مردوویی لە کەناراوەکانی دوورگەکانی کەناری ئیسپانیا دۆزرانەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی ئیسپانیا دەڵێن، رێگەیان نەداوە بەلەمێکی کۆچبەران لە سنووری ئاویی دوورگەکانی کەناری نوقم ببێت، کە زیاتر لە 40 کۆچبەری تێدا بووە. ئاماژە بەوەش دەکەن، دوو کۆچبەر بە مردوویی لەنێو بەلەمەکەدا دۆزراونەتەوە.
رۆژی سێشەممە، 12ـی ئاداری 2024، گوتەبێژێک بەناوی پاسەوانی کەناراوەکانی ئیسپانیا رایگەیاند، رووداوەکە درەنگانی شەوی دووشەممە روویداوە و بەلەمەکە 140 کیلۆمەتر لە باشووری دوورگەی گران کەناریا دوور بووە، کە یەکێک لە حەوت دوورگەکانی کەنارییە.
ئەو گوتەبێژەی پاسەوانی کەناراوەکانی ئیسپانیا گوتی، بەلەمەکە 44 کۆچبەری تێدا بووە؛ دوو کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە و چواری دیکەشیان بە هێلیکۆپتەر گوێزراونەتەوە نەخۆشخانە.
تەندروستیی ئیسپانیا لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، دۆخی تەندروستیی هەر چوار کۆچبەرەکە ناجێگیرە.
ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی ئیسپانیا ئەوە دەردەخەن کە لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو کۆتایی مانگی شوبات 11.932 کۆچبەر بە 181 بەلەمەوە خۆیان گەیاندووەتە دوورگەکانی کەناری.
رێکخراوی وۆکێنگ بۆردەرزی تایبەت بە کۆچبەران دەڵێت، ساڵی رابردوو لانیکەم 6618 کۆچبەر لە رێگەی گەیشتنیان بە کەناراوەکانی ئیسپانیا مردوون یان بێسەروشوێن بوون.
بەگوێرەی ئامارەکان، لە ساڵی 2023دا زیاتر لە 56852 کۆچبەر بە رێگەی نایاسایی گەیشتوونەتە ئیسپانیا و ژمارەکە بەراورد بە ساڵی 2022 دوو بەرامبەر زیادی کردووە.
زۆرترین ژمارەی کۆچبەر لەسەر ئاستی ساڵ تاوەکو ئێستا گەیشتبنە ئیسپانیا لە ساڵی 2018دا بوو کە تێیدا 64298 کۆچبەر چوونە ئەو وڵاتە ئەوروپییە.
کۆتایی ساڵی رابردوو هاوئاهەنگی حکومەتی ئیسپانیا لەگەڵ سەنیگال و مۆریتانیا چووە ئاستێکی باڵا بۆئەوەی حکومەتی ئەو دوو وڵاتە لە چوونی کۆچبەران بۆ دوورگەکانی ئیسپانیا هاوکاری ئەو وڵاتە ئەوروپییە بکەن.
زۆربەی ئەو کۆچبەرانەی خۆیان دەگەیێننە دوورگەکانی کەناری خەڵکی وڵاتانی ئەفریقان، بەڵام خەڵکی وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش هەوڵ دەدەن لەو رێگەیەوە بگەنە ئەوروپا.