رووسیا دوو کچ بە تاوانی یەکدی ماچکردن بە بڕی 1000 دۆلار سزا دەدات
رووداو دیجیتاڵ
دادگەیەکی رووسیا دەڵێت، دوو کچ لە خواردنگەیەکی ئەو وڵاتە یەکدییان ماچ کردووە، هەربۆیە هەریەکەیان بە بڕی 500 دۆلاری ئەمریکی پێبژاردن سزا دراوە.
رۆژی سێشەممە 12ی ئاداری 2024، دادگەی هەرێمی کراسنۆداری رووسیا لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی سزادانی ئەو دوو کچە رایگەیاند، "لە شووباتی 2024دا کچەکان گرتە ڤیدیۆیەکیان لە شوێنێکی گشتیدا بڵاوکردەوە، تێیدا مامەڵەی ناشایستەیان کردبوو."
یەکێک لە کچەکان تەمەنی 24 ساڵ و ئەوی دیکەش تەمەنی 19 ساڵە. بەگوێرەی دادگەکە، ئەو دوو کچە لەو گرتە ڤیدیۆییەی بڵاویان کردووەتەوە، کە لەنێو خواردنگەیەک لە باشووری هەرێمی کراسنۆدار تۆمار کراوە، ئەڵقە دەگۆڕنەوە و دواتر یەکدی ماچ دەکەن.
لە راگەیێندراوی دادگەکەدا هاتووە، "ئەو گرتە ڤیدیۆییە، ئابڕووبەرانە بووە و هەردوو کچەکەش بە تاوانی پەرەپێدانی پەیوەندییە نانەریتییە سێکسییەکان سزادراون."
دوای بڕیارەکە، یەکێک لە کچەکان لە گرتە ڤیدیۆیەکدا گوتی، "داوای لێبووردن لەو کەسانە دەکەم کە پێیان وایە ئێمە بە شێوەیەکی سرووشتی لەگەڵ هاوڕەگەزخوازین؛ ئێمە دژی ئەو بابەتەین. هەموومان دەزانین کە چی یاسایەکمان هەیە و پێشبینیی ئەوەمان نەدەکرد کە ئەوە رووبدات."
حکومەتی رووسیا لە ساڵی 2013 بە شێوەیەکی فەرمی هاوڕەگەزخواریی لە وڵاتەکەی قەدەخە کرد و لە تشرینی دووەمی رابردووش دادگەی باڵای رووسیا رایگەیاند، هەموو چالاکییەکی هاوڕەگەزخوازەکان وەکو "تووندڕۆیی" سەیر دەکرێت، ئەوانەشی ئەو کارە دەکەن رووبەڕووی دەستگیرکردن و لێپێچینەوە دەبنەوە.
بڕیارەکەی رووسیا نیگەرانیی رێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافی هاوڕەگەزخوازیی لێکەوتەوە و داوایان لە رووسیا کرد پێداچوونەوە بە یاساکەدا بکات.