رووسیا بە هەوڵی کودەتا دژی حکومەتی مۆڵدۆڤا لەلایەن ئەمریکاوە تۆمەتبار دەکرێت


رووداو دیجیتاڵ 

هەواڵگری ئەمریکا دەڵێت، رووسیا لە هەوڵی دروستکردنی راپەڕینێکە بۆ کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی حکومەتی مۆڵدۆڤا، ئەوەش بەهۆی ئەوەی مۆڵدۆڤا ئامانجییەتی لە رێگەی بە ئەندامبوونی لە یەکێتیی ئەوروپا زیاتر لە رۆژئاوا نزیک بێتەوە. 
 
هەروەها جۆرجیا کە دراوسێی رووسیایە پێیوایە، ئەوەی رۆژئاوا لە ئۆکراینا دەیکات بە جۆرێکی دیکە لە جۆرجیاش خەریکی جێبەجێکردنیەتی، ئەویش هاندان و پاڵپشتیکردنی ئەو هێز و لایەنانەیە کە دژی سیاسەت و هەنگاوەکانی رووسیان. 
 
خەڵکی جۆرجیا خۆپێشاندان دەکەن و دڵخۆشن بەوەی پەرلەمانی وڵاتەکە دەستبەرداری پڕۆژەیاسای ناسراو بە "بەکرێگیراوی بیانی" بوو. 
 
پرۆژەیاساکە کە لەلایەن پارتی دەسەڵاتدارەوە پێشنیاز کرابوو بۆ بڕینی هاوکاری دارایی لەسەر ئەو رێکخراوانەی کە گوایە لە بەرژەوەندی وڵاتانی رۆژئاوا کاردەکەن، لەژێر گوشاری خۆپێشاندەران بە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران رەتکرایەوە. 
 
سابا میورمیشڤیلی، هاووڵاتییەکی جۆرجییە و دەڵێت، "گەلی جۆرجیا خەونی جۆرجییەکانی سەرخست. گەلی جۆرجیا بەردەوام دەبێت لە جەنگان بۆ داهاتووی لە ئەوروپا و سەربەخۆیی وڵاتەکەی." 
 
جۆرجیا دراوسێی رووسیایە؛ مۆسکۆ پێی وایە، ئەوەی رۆژئاوا لە ئۆکراینا دەیکات بە جۆرێکی دیکە لە جۆرجیاش خەریکی جێبەجێکردنیەتی، ئەویش هاندان و پاڵپشتیکردنی ئەو هێز و لایەنانەیە کە دژی سیاسەت و هەنگاوەکانی رووسیان. 
 
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا دەڵێت، "بەدڵنیاییەوە ئەم رووداوانەی جۆرجیا لە دەرەوە رێکخستنیان بۆ دەکرێت بە ئامانجی درووستکردنی پشێوی لەسەر سنوورەکانی رووسیا." 
 
چیرۆکەکە لێرە کۆتایی نایەت، هەواڵگری ئەمریکا دەڵێت، رووسیا لە هەوڵی دروستکردنی راپەڕینێکە بۆ کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی حکومەتی مۆڵدۆڤا، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ئامانجیەتی لە رێگەی بە ئەندامبوونی لە یەکێتیی ئەوروپا زیاتر لە رۆژئاوا نزیک بێتەوە. 
 
جۆن کێربی، گوتەبێژی راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانیی ئەمریکا گوتی، "ئێمە باوەڕمان وایە رووسیا بەدوای بژاردەکان دەگەڕێت بۆ لاوازکردنی حکومەتی مۆڵدۆڤا، بەو هیوایەی هێزێک بچێتە سەر دەسەڵات زیاتر دۆستی رووسیا بێت. هەندێ دەسەڵاتداری رووسیا، هەندێکیان کە پەیوەندیان بە هەواڵگری رووسیاوە هەیە، بەدوای ئەوەن خۆپێشاندان دروستبکەن دژی حکومەتی مۆڵدۆڤا." 
 
ئەو دۆخە لەکاتێكدایە، زیاتر لە ساڵێکە شەڕ لەنێوان رووسیا و ئۆکراینا بەردەوامە و رۆژئاواش گەورەترین پاڵپشتیکاری حکومەت و سوپای ئۆکراینایە.