دوای پێنج مانگ مانەوە لە بۆشایی ئاسمان کەشتییەکی سپەیس ئێکس گەڕایەوە سەر زەوی


رووداو دیجیتاڵ

کەشتیی ئاسمانیی کروو 5ـی کۆمپانیای سپەیس ئێکس لەدوای پێنج مانگ مانەوە لە وێستگەی نێودەوڵەتیی بۆشایی ئاسمان، بە چوار کەشتیڤانی ئاسمانییەوە گەڕایەوە سەر زەوی. 
 
ئێوارەی رۆژی شەممە، 11ـی ئاداری 2023، کەشتیی ئاسمانیی کروو پێنجی کۆمپانیای سپەیس ئێکس، کە هەریەکە لە کۆیچی واکاتای ژاپۆنی، ئانا کیکینای رووسی و نیکۆل مان و جۆش کاسادای کەشتیڤانی ناسای هەڵگرتبوو لە وێستگەی نێودەوڵەتیی بۆشایی ئاسمانەوە گەڕایەوە سەر زەوی. 
 
کەپسوولەکەی سپەیس ئێکس کە بە ئێندورانس یاخود بەرگەگرتن ناسراوە، لە کەناراوەکانی فلۆریدا نیشتەوە. 
 
ناسا لەبارەی کەپسوولەکەوە دەڵێت، کروو پێنج، کە مانگی تشرینی یەکەمی 2022 لە کەناراوەکانی کەیپ کاناڤێراڵی فلۆریداوە نێردرایە بۆشایی ئاسمان، بۆ کۆیچی واکاتا پێنجەم گەشت بوو، بەڵام بۆ هەریەکە لە جۆش کاسادا، ئانا کیکینا و نیکۆل مەن یەکەم گەشتی ئاسمانی بوو. 
 
بەر لەوەی ستافی کروو پێنج وێستگەی نێودەوڵەتیی بۆشایی ئاسمان جێبێڵن، چاویان بە ستافی کروو شەشی سپەیس ئێکس کەوت، کە 3ـی ئاداری 2023 گەیشتە وێستگەکە و شوێنی کروو پێنجیان گرتەوە. 
 
کۆمپانیای سپەیس ئێکسی ئیلۆن مەسک، سەرمایەداری ئەمریکی، دوای هەوڵە شکستخواردووەکە، دواجار، رۆژی 2ـی ئادار کەشتییەکەی بەچوار سەرنشینەوە هەڵدایە بۆشایی ئاسمان.
 
هەموو شەش مانگ جارێک دەزگای ناسا بڕە پارەیەک دەداتە کۆمپانیای سپەیس ئێکس بۆ ئەوەی کەشتیوانەکانی بنێرێتە وێستگە نێودەوڵەتییەکە. 
 
دروستکردنی وێستگەی نێودەوڵەتیی بۆشایی ئاسمان لە ساڵی 1998 دەستیپێکرد، لەکاتێکدا هاوئاهەنگیی نێوان ئەمریکا و رووسیا لەدوای جەنگی ساردەوە، لەوپەڕی دابوو.