مۆسکۆ.. مێزگردێک لەسەر رۆڵی کورد سازكرا

رووداو-مۆسکۆ

زانکۆی ئابووری جیهانی و تێکەڵاوی نێونەتەوەیی رووسیا مێزگردێکی  بۆ ژمارەیەک کەسایەتی کورد و رووس سەبارەت بە ڕۆڵ و گرنگی کورد لە لە جیهاندا سازکرد، تێیدا ئامادەبووانی مێزگردەکە گفتوگۆیان لەسەر پرسی کورد و بارودۆخی ئیستای کوردستان کرد.


لەدوای ئەو بارودۆخەی بەهۆی شەڕی داعشەوە لە کوردستان دروستبوو، تێڕوانینی رووسەکان بەرامبەر بە کورد بەلایەنی ئەرێنیدا گۆڕاوە، هەروەک لەو مێزگردەدا رووسەکان پێیان وابوو ئەمڕۆ کورد رۆلێکی زۆر گرنگی هەیە، بەتایبەت لە بارودۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

سیاسەتی رووسیا بەشێکی گرنگی لەسەر ئەنجامی  لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی زانکۆکان و سەنتەرەکان ئاڕاستەدەکرێت، لەبەرئەوە سازدانی مێزگرد لەسەر مەسەلەی کورد لەو زانکۆیانە بەڕای شارەزایانی سیاسەتی رووسیا سوودی زۆری دەبێت لە گۆڕینی تێڕوانینی رووسیا بەرامبەر کورد.

ئەگەرچی تائێستا سیاسەتی فەرمی رووسیا بەرامبەر بە کورد ڕوون نییە، بەڵام لە ناوخۆی ڕووسیادا لەلایەن زۆرێک لە ڕۆشنبیران و سیاسییەکان ، کورد بایەخی تایبەت و گرنگی هەیە.