راوێژکاری ئەڵمانیا: گوتەکانی دۆناڵد ترەمپ دەربارەی ناتۆ نابەرپرسیارانە و مەترسیدارن

رووداو دیجیتاڵ
 
راوێژکاری ئەڵمانیا سەرکۆنەی گوتەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکای دەربارەی هاوپەیمانی ناتۆ کرد و بە "مەترسیدار" ناوی بردن. 
 
رۆژی دووشەممە، 123ـی شوباتی 2024، ئۆلف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەگەڵ دۆناڵد تەسک، سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا، لە بەرلینی پایتەختی وڵاتەکەی، رەخنەی لە گوتەکانی ترەمپ دەربارەی هاوپەیمانی ناتۆ گرت. 
 
راوێژکاری ئەڵمانیا گوتی، "بەهۆی پێشهاتەکانی ئەم دواییانەوە، با بە روونی ئەوە بڵێم، هەر وابەستەکردنێکی گەرەنتی بەرگریی ناتۆ نابەرپرسیارانە و مەترسیدارە".
 
پێش سەردانیکردنی ئەڵمانیا، سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا، لە فەرەنسا لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، هیچ جێگرەوەیەک بۆ یەکێتی ئەوروپا و هاوپەیمانی ناتۆ نییە، ئەوروپا دەبێت ببێتە کیشوەرێکی سەلامەت. 
 
سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا گوتیشی، "ئەوروپا دەبێت خۆی رێکبخاتەوە. ئەمەش پرسی وەڵامدانەوەی پرسیارێکە دەربارەی ئەوەی چی روودەدات، ئەگەر ترەمپ ببێتە براوە. ئێمە کاتمان نییە، دەبێت توانای پیشەسازی بەرگریمان گەورەتر بکەین".
 
لە گوتارێکیدا لەبەردەم لایەنگرانی لە ویلایەتی کارۆلاینای باشوور دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری سەرەکیی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی 2024 رایگەیاند، هانی رووسیا دەدات هێرش بکاتە سەر هەر هاوپەیمانێکی ئەمریکا لە هاوپەیمانیی ناتۆ، کە ئەرکی دارایی خۆی جێبەجێ ناکات.
  
دوای لێدوانەکانی ترەمپ، کۆشکی سپی وەڵامی دایەوە و قسەکانی ترەمپی بە "شێتانە" ناوبرد.
  
لە ساڵی 2016 و لەکاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا ترەمپ هەڕەشەی ئەوەی کرد لەو هاوپەیمانێتییە سەربازییە بچێتە دەرەوە، ئەگەر وڵاتانی ئەندام نەتوانن 2%ی داهاتی وڵاتەکەیان بۆ بواری سەربازی خەرج بکەن.
 
بەگوێرەی پەیڕەوی هاوپەیمانیی ناتۆ، دەبێت سەرجەم 31 ئەندامەکەی ئەو هاوپەیمانێتییە ساڵانە لانیکەم 2٪ی داهاتی وڵاتەکەیان لەبواری بەرگرییدا خەرج بکەن.