رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند، هێزە ئاسمانییەکانی ئۆکراینا لەسەرەتای ئەم ساڵەوە، 359 درۆنی جۆری شاهیدی ئێرانییان تێکشکاندووە. دەشڵێت، پاراستنی ئاسمانی وڵاتەکەیان لە هێرشە ئاسمانییەکانی رووسیا، یەکێکە لە ئامانجەکانی ئەم ساڵیان.
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا، لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی جەنگی ئۆکراینا، گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند لە سەرەتای ساڵی 2024ـەوە، هێزە ئاسمانییەکانی وڵاتەکەی توانیویانە 359 درۆنی شاهیدی ئێرانی لەسەر ئاسمانی ئۆکراینا تێکبشکێنن. تەنیا شەوی یەکشەممە، 45 درۆنی ئێرانیان تێکشکاندووە کە سەرجەمیان لە نیمچە دوورگەی کریمیاوە ئاراستەی خاکی ئۆکراینا و بەتایبەت شارەکانی ئۆکراینا، ئۆدێسا، خێرسۆن و دنیپرۆ کرابوون.
زیلینسکی گوتی: "پێشکەوتوویی هێزە ئاسمانییەکانمان و سیستمی فرۆکە جەنگییەکانمان، وایکردووە گیانی ئۆکراینییەکان بپارێزین".
سەرۆکی ئۆکراینا ئاماژەی بەوەدا وڵاتەکەی سەرقاڵی پێشخستنی توانای هێزە ئاسمانییەکانیانن، تاوەکو بتوانن، گەرەنتیی پاراستنی سەلامەتیی ئاسمانی ئۆکراینا بکەن و گوتیشی "ئەمە یەکێکە لە ئامانجەکانمان بۆ ئەم ساڵ".
لەسەرەتای هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، رووسیا بۆ سەر هێرشە ئاسمانییەکانی پشتی بە درۆنی ئێرانی بەستووە، بەمەش زیانێکی گەورەی بە ژێرخانی ئۆکراینا گەیاندووە.
سەرۆکی ئۆکراینا دەڵێت، 2.5 ملیار دۆلاریان بۆ پێشخستنی تەکنەلۆژیای بەرهەمهێنانی درۆن ئۆکراینا، 2.5 ملیار دۆلاریان تەرخانکردووە.
رۆژی 20ی کانوونی یەکەمی 2023، زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لەبارەی پلانی ئەم ساڵی بۆ بەرهەمهێنانی درۆنی ئۆکراینی رایگەیاند، وڵاتەکەی لە پلانیدایە ساڵی داهاتوو ملیۆنێک درۆن دروست بکات، گوتیشی: "درۆن بووەتە فاکتەرێکی یەکلاکەرەوە لەو جەنگەدا."
هەرچەندە، ئێران چەندجارێک تۆمەتەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەبارەت بە دابینکردنی درۆن بۆ رووسیا، رەتکردووەتەوە، بەڵام لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا، هەریەک لە ئەمریکا، بەریتانیا، یەکێتی ئەوروپا، ئوسترالیا نیوزیلاند، بە جیا سزای جۆراوجۆریان بەسەر ئێراندا سەپاندووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ