پیاوێکی تەمەن 81 ساڵ بەسەر بەرزترین شاخەکانی جیهان سەردەکەوێت

12-02-2021
ساهیرە سدیق
ساهیرە سدیق
نیشانەکردن شاخەوانی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کارلۆس هەموو ژیانی سەرقاڵی شاخەوانی لە شاخە بەرزەکانی جیهان بووە، بەڵام لە دوو دەیەی رابردوو هەندێ ریکۆردی تۆمار کردووە کە بەهۆی تەمەنەکەیەوە کردوویەتیە ئەفسانەی شاخەوانی و کارەکانی لە جیهاندا دەنگیان داوەتەوە.
 
کارلۆس سۆریا خانەنشینێکی خەڵکی ئیسپانیایە و لە مەدریدی پایتەختی ئەو وڵاتە دەژی. کارلۆس لە دوای تەمەنی 60 ساڵییەوە توانیویەتی بەسەر 11 لووتکە لە 14 لووتکە بەرزەکانی جیهان سەربکەوێت و تاوەکو تەمەنی 70 ساڵی بگاتە بەرزترین لووتکەکانی جیهان لە هەر حەوت کیشوەرەکە.
 

شانازییەکانی ژیانی ئەم پیاوە ئیسپانییە کە ئێستا تەمەنی 81 ساڵە هێندە زۆرن کە هەر کامەیان بەسن بۆ کەسێک کە خۆی بە سەرکەوتوو بزانێت. بەڵام کارلۆس خۆی دەڵێت، ریکۆردێک کە زیاتر لە هەموو شتێک شانازیی پێوە دەکات ئەوەیە کە "هیچکات لەو ماوەیەدا سەرما نەیبردووم و پێویستییم بە یارمەتیی تیمەکانی فریاکەوتن نەبووە. هەمیشەش لەسەر پێیەکانی خۆم گەیشتوومەتە لووتکەی شاخەکان و هاتوومەتە خوارەوە".
 

ئەگەرچی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و قەدەخەی هاتووچۆ و راوەستانی ژیان نەیهێشت ئامانجەکەی کە گەیشتن بووە بە لووتکەی 14 شاخە بەرزەکانی جیهان، بەڵام هیوای نەبڕاوە و هیوادەخوازێت کە وەرزی بەهاری ئەمساڵ بەسەر شاخی دهولەگیری لە نیپاڵ سەرکەوێت و وەرزی پاییزیش بگاتە لووتکەی شاخی شیشهاپانگما لە تەبەت. کە ئەگەر ئەو کارە بکات دەبێتە بەتەمەنترین پیاوی جیهان کە ئەو سەرکەوتنە مەزنانەی لە شاخەوانی تۆمار کردبێت.
 

کاتێک کارلۆس سۆریا ماڵەکەی بەجێدێڵیت بۆ ئەوەی لە چیاکانی دەرەوەی مەدرید راهێنان بکات، بە لەبەرکردنی ماسکێکی دەموچاو، یادەوەرییەکانی هیمالایا بۆخۆی زیندوو دەکاتەوە. ئەو بە زەردەخەنەوە دەڵێت " بەمشێوەیە هەناسەدان قورسە، بۆیە ئەوە بیرم ئەهێنەوە کاتێک لە بەرزاییە بەرزەکاندا بووم و ئۆکسجین کەمبوو" .
 
کارلۆس سەرکەوتنەکانی داهاتووی دەکاتە رێزلێنانێک بۆ قوربانیانی کۆرۆنا و دەڵێت: "کاتێک لەسەر لووتکەی شاخە بەرزەکانی دیکە دەوەستم، دەمەوێت رێز لە هاوتەمەنەکانی خۆم بنێم کە لە سەرانسەری جیهان بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە گیانیان لەدەستداوە. هەروەها ئەو کەسانەی لە خانەی بەساڵاچووان ژیان بەسەر دەبەن و لەو پەتایە ترسابوون".
 

ئەو پیاوە تەمەن 81 ساڵەی کە لە لووتکەی تەمەنیدا چاوی بڕیوەتە سەرکەوتن بەسەر لووتکەی شاخە بەرزەکانی دیکەی جیهان دەڵێت " من چەپکە گوڵێک دەبەم و لەسەر لووتکە جێیدەهێڵم وەک رێزلێنانێک بۆ هەموو ئەو کەسانەی بەهۆی ئەو دۆخە ناخۆشەوە گیانیان لەدەستداوە".
 
سیتۆ کارکاڤیلیا، جیۆلۆجیست لەبارەی کارلۆسەوە بە بی بی سی دەڵێت: "هیچ کەسێک لە جیهاندا کارێکی وەهای نەکردووە".
 
ئەو جیۆلۆجیستە روونیدەکاتەوە "کارلۆس پیاوێکی بەتەمەن نییە کە لەخانەنشین بوون بێزاربووبێت و دواتر بڕیاریدابێ بە سەرکەوتن بەسەر چیاکاندا. ئەو شاخەوانێکی دێرینە و هێشتا چالاکە و هیچ وەرزشڤانێکی دیکە نییە کە بۆ ماوەی شەش دەیە لە بەرزترین ئاستدا چالاک بووبێت".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە