ترەمپ: سیاسەتڤانە بێتواناکان نازانن چۆن ئاگرەکەی لۆس ئەنجلس بکوژێننەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا رەخنەی لە بەرپرسان و ئاگرکوژێنەوەکانی شاری لۆس ئەنجلس لە ویلایەتی کالیفۆرنیا گرت و گوتی: "نازانم بۆ ناتوانن بیکوژێننەوە؟ کێشەیان چییە؟" حاکمی ویلایەتەکەش بانگێشتی کرد خۆی بچێت بیبینێت.
 
رۆژی یەکشەممە 12-01-2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس بڵاویکردەوە: "ئاگری لۆس ئەنجلس هێشتا بەردەوامە. سیاسەتڤانە بێتواناکان نازانن چۆن بیکوژێننەوە."
 
ترەمپ نووسیشی: "ئەمە یەکێکە لە خراپترین کارەساتەکانی مێژووی وڵاتەکەمان. ئەوان ناتوانن ئاگرەکە بکوژێننەوە، نازانم کێشەیان چییە؟"
 
لە 07-01-2025ـەوە ئاگرێکی گەورە لە پێنج لاوە دارستانەکانی شاری لۆس ئەنجلی گرتووەتەوە و بووەتە سەردێڕی هەواڵە جیهانییەکان. 
 
گاڤن نیووسەم، حاکمی ویلایەتی کالیفۆرنیا و ئەندامی پارتی دیموکرات کە چەند جارێک ترەمپ رەخنەی لێگرتووە، لە هەڤپەیڤینێک گوتی: "ئەگەر ئێمە وەڵامی دۆناڵد ترەمپ بدەینەوە، مانگێکمان پێدەچێت. ئەو رەخنە لە زۆربەی بەرپرسەکان دەگرێت و بەرپرسەکانیش لەگەڵ رەخنەکانی راهاتوون."
 
نیووسەم گوتیشی: "من داوام لێکرد خۆی بێت و سەیری بکات. ئێمە دەمانەوێت ئەو کارە بە دەستێکی کراوەوە بکەین نەوەک مشتەکۆڵەیەکی داخراو، ئەو خۆی سەرۆکی هەڵبژێردراوە."
 
حاکمی کالیفۆرنیا گوتی: "من بانگێشتت دەکەم بێیت بۆ کالیفۆرنیا، ئەو ئەمریکییانە ببینیت کە زیانیان بەرکەوتووە، خۆت وەرە لە نزیکەوە ئەو ماڵوێرانییە ببینە. وەرە لەگەڵ من و ئەوانی دیکە سوپاسی تیمە قارەمانەکانی ئاگرکوژێنەوە بکە کە ژیانی خۆیان خستووەتە مەترسییەوە."
 
نیووسەم گوتیشی، هیچ وەڵامێکی لەلایەن ترەمپەوە بۆ بانگێشتنامەکە پێنەگەیشتووە.
 
ترەمپ چەند جارێکە لەگەڵ نیووسەم دەکەوێتە ئەو جۆرە شەڕانە، هەفتەی پێشوو ترەمپ ناوی نیووسەمی بۆ "نیووسکەم" گۆڕی. لە زمانی ئینگلیزی وشەی (سکەم) بەمانای چینێک پیسی و کەفی بۆن ناخۆش دێت، کە لەسەر گۆمە ئاوێک کۆدەبێتەوە و شێوەیەکی ناشرین دەبەخشێتە ئاوەکە.
 
ترەمپ هەروەها پێشتر چەند جارێک نیووسەمی بەوە تۆمەتبارکرد کە ناتوانێت بەباشی ئاوی ویلایەتەکە بەڕێوەببات، بۆیە هەڕەشەیکرد ئەگەر ببێتە سەرۆکی ئەمریکا، پشتیوانیی فیدراڵی بۆ کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکان بۆ ویلایەتی کالیفۆرنیا رادەگرێت. 
 
گاڤن نیووسەم هەروەها پەیامێکی ئاراستەی ترەمپ کرد و گوتی، بەگوێرەی ئەو پلانەی ترەمپ بۆ ئەمریکا باسی دەکات کە چۆن بێت، نابێت ئەو تراژیدیایە بە سیاسی بکرێت یانیش زانیاری هەڵەی لەسەر بڵاو بکرێتەوە. 
 
لەبارەی هەڕەشەکەشەوە گوتی: "ئەمە ستایلی ئەوە و ئێمەش بە جیدی وەریدەگرین."
 
ئاگرەکەی لۆس ئەنجلس کە لە ئەمریکا ناوی شارەکە بە کورتی بە (LA) دەنووسرێت، تاوەکو ئێستا بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی 16 کەس و 150 هەزار کەسیش دەربەدەر بوونە. زیاتر لە 12 هەزار باڵاخانە و خانوو بە ئاستی جۆراوجۆر زیانیان بەرکەوتووە.
 
ترەمپ لە پۆستەکەی ترووس نووسی: "هەزاران خانووی شاز سووتان، چەندینی دیکەش بەم زووانە نامێنن. مەرگ لە هەموو شوێنێکە."