16 کەس بەهۆی ئاگرەکەی کالیفۆرنیاوە گیانیان لەدەستداوە؛ 'رەشەبا بەڕێوەیە'

 
رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسانی ویلایەتی کالیفۆرنیا هۆشداریان دا کە چاوەڕێ دەکرێت ئاگرەکەی دەوروبەری شاری لۆس ئەنجلس لەو ویلایەتەی رۆژئاوای ئەمریکا، بەهۆی خێرایی رەشەباوە فراوانتر بێت. ئاماژە بەوەش دەکەن، ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی ئاگرەکەوە بۆ 16 کەس بەرزبووەتەوە.
 
لە رۆژی سێشەممە، 7ی کانوونی دووەمی 2025، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە رووبەڕووی پێنج ئاگری فراوان لە پێنج ناوچەی جیای دەووروبەری شاری لۆس ئەنجلس بوونەتەوە، بۆیە باری لەناکاو لە ویلایەتی کالیفۆرنیا راگەیێندراوە.
 
رۆژی شەممە، 11ی کانوونی دووەمی 2025، ئاژانسی خزمەتگوزاریی کەشوهەوای نیشتمانیی ئەمریکا رایگەیاند: "پێشبینی دەکرێت، جارێکی دیکە با لە باشووری کالیفۆرنیا هەڵبکاتەوە و تاوەکو سەرەتای هەفتەی داهاتوو بەردەوام بێت، ئەمەش رەنگە ئاگرەکەی ئێستا فراوانتر بکات و هەروەها ببێتە هۆی دروستبوونی ئاگری دیکەش."
 
پۆلیسی کالیفۆرنیا رایگەیاندووە، تیمەکانیان لەگەڵ گاردی نیشتمانی سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنی ئەو ناوچانەن. کە ئاگرەکەیان کۆنترۆلکراوە، ئەمەش بەهۆی دزی و تاڵانی لەو ناوچانە، هەروەها بۆ گەڕان بەدوای ئەو کەسانەی تاوەکو ئێستا بێسەروشوێنن.
 
بەگوێرەی بەرپرسانی کالیفۆرنیا، ئاگرەکەش بووەتە هۆی سووتانی زیاتر لە 15 هەزار هێکتار رووبەری زەوی و دوو ناوچەی باشووری ویلایەتەکە زۆر زیانیان بەرکەوتووە، ئەوانیش ناوچەکانی پالیسێدیسە و ناوچەیەکی گرانبەهای لۆس ئەنجلسە و زۆربەی ئەستێرەکانی هۆڵیوود خانوو و ڤێلایان لەو ناوچەیە هەیە. تائێستا زیاتر لە نۆ هەزار و 500 هێکتار زەوی سووتاوە. تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە توانیوویانە تەنیا 11٪ی ئاگری ئەو ناوچەیە کۆنترۆڵ بکەن.

 

 
ئاگرێکی دیکە لە ناوچەی تیتۆنە کەوتووەتەوە کە تائێستا تەنیا 15٪ـی ئاگرەکە کۆنترۆڵ کراوە و زیاتر لە پێنج هەزار و 600 هێکتار رووبەری زەوی سووتاوە. 
 
بەرپرسانی ویلایەتەکە ئاماژە بەوە دەکەن، تائێستا 12 هەزار ماڵ، باڵەخانە و ئۆتۆمبێل سووتاون، ئەمە جگە لەوەی زیاتر لە 180 هەزار کەس ماڵەکانیان جێهێشتووە و روویان لە ناوچەکانی دیکەی شاری لۆس ئەنجلس کردووە.
 
ئەو ئاگرەی باشووری ویلایەتی کالیفۆرنیا بە یەکێک لە گەورەترین کارەساتە سروشتییەکانییەکانی ئەو ویلایەتە دادەنرێت و تائێستا زیانی ئاگرەکە بە نزیکەی 150 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.