رووداو دیجیتاڵ
لە دادگەی دادی نێودەوڵەتی لە شاری لاهای هۆڵەندا، دانیشتنێک لەبارەی سکاڵایەکی ئەفریقای باشوور بەڕێوەدەچێت کە تێیدا ئیسرائیل بە کۆمەڵکوژکردنی خەڵکی غەززە تۆمەتبار دەکات.
دادگاییەکە دوێنێ پێنجشەممە دەستی پێکرد و ئەمڕۆ هەینیش بەردەوامی دەبێت، رۆژی پێنجشەممە تایبەتکرا بە لایەنی ئەفریقای باشوور و رۆژی هەینیش بۆ لایەنی ئیسرائیل؛ هەرچەندە لە دەرەوەی دادگە بەرپرسانی ئیسرائیل تۆمەتەکانی ئەفریقای باشووریان رەتکردووەتەوە.
رۆڵاند لامۆلا، وەزیری دادی ئەفریقای باشوور لەبارەی سکاڵاکە دەڵێت، "هیچ هێرشێکی چەکداری بۆسەر ناوچەیەکی وڵاتێک، تەنانەت ئەگەر زۆر گەورە بێت و ببێتەهۆی تاوانی قێزەون، نابێتە پاساو بۆ پێشێلکردنی بڕیارنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ رێگریکردن و قەدەخەکردنی جینۆساید. وەڵامی ئیسرائیل بۆ هێرشەکەی 7ی تشرینی یەکەمی 2023 یاسای پێشێلکردووە."
ئەفریقای باشوور ئیسرائیلی بە پێشێلکردنی چەند خاڵێکی بڕیارنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ رێگریکردن و قەدەخەکردنی جینۆساید تۆمەتبارکردووە.
بڕیارنامەکە داوای بە سزاگەیاندنی ئەو وڵات و لایەنانە دەکات کۆمەڵکوژی دەکەن.
لەو دانیشتنەدا ئەفریقای باشوور داوای کرد دادگەکە ژمارەیەک رێکاری دەستبەجێ دەربکات، لەنێویاندا ناچارکردنی ئیسرائیل بە راگرتنی هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە.
ئیسرائیل رەتی دەکاتەوە لە هێرشەکانیدا بیەوێت خەڵکی فەلەستین لەنێو ببات، دەڵێت، ئامانجیان تێکشکاندنی یەکجارەکیی رێکخراوی حەماسە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ