سووناک لەبارەی هێرشەکانی سەر حووسییەکان: پێویست و گونجاو بوون

12-01-2024
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لەبارەی هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و بەریتانیا لە دژی ژمارەیەک پێگە و بنکەی حووسییەکان لە نێو یەمەن رایگەیاند، "هێرشەکان پێویست و گونجاو" بوون.  
 
لە راگەیێندراوێکدا، ریشی سووناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند: "سەرەڕای هۆشداری بەردەوام لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە، حووسییەکان بەردەوامبوون لە هێرشەکانیان لە دەریای سوور. هەر بۆیە ئێمە کرداری سنووردار و پێویست و گونجاومان وەکو بەرگریکردن لەخۆ، شان بە شانی ئەمریکا گرتەبەر، بەمەبەستی لاوازکردنی توانا سەربازیی حووسییەکان و پاراستنی هاتووچۆی کەشتییەکانی جیهان". 
 
سووناک لە راگەیێندراوەکەدا هێرشی حووسییەکانی بە "نابەرپرسیار" و "ناسەقامگیر" ناوبرد و گوتی: "هێرشی حووسییەکان، نرخی کاڵای بەرز کردووەتەوە. ئەمەش نابێت بەردەوام بێت. بەریتانیا هەمیشە بەرگری لە ئازادی هاتووچۆی دەریایی و بازرگانی دەکات". 
 
ئەو راگەیێندراوەی سووناک، لە دوای راگەیێندراوەکەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا دێت، لەبارەی هێرشەکانی بەرەبەیانی رۆژی هەینی 12ی کانوونی دووەم بۆ سەر حووسییەکان. 
 
ئەمریکا ئەو هێرشە هاوبەشانەی بە "بەرگریکردن لەخۆ" ناوبرد و هۆشداریشی دا رێکاری زیاتر لە دژی ئەو گرووپە چەکدارەی نزیک لە ئێران دەگرنەبەر، ئەگەر هێرشەکانی بۆ سەر کەشتییەکانی نێو دەریای سوور بەردەوام بێت. 
 
جۆ بایدن باسی لەوەشکردووە، هەریەک لە وڵاتانی بەحرێن، ئوسترالیا، کەنەدا و هۆڵەنداش بەشداربوون لە دابینکردنی هاوکاریی بۆ ئەو ئۆپەراسیۆنە. 
 
ئەم هێرشە هاوبەشەی ئەمریکا و بەریتانیا لەدوای ئەوە دێت کە لە 19 تشرینی دووەمی رابردووەوە، حووسییەکان زیاتر لە 26 جار هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییە بازرگانییەکانی نێو دەریای سوور، کە بە رێڕەوێکی گرنگی بازرگانی نێو دەریا دەبینرێت و  12٪ی بازرگانیی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت و ساڵانەش لانیکەم 17 هەزار کەشتیی بازرگانی بە دەریای سووردا تێدەپەڕن. 
 
لەدوای هێرشەکان، میدیای فەرمی ئەو گرووپە رایانگەیاند، هێرشەکانی ئەمریکا و بەریتانیا شارەکانی سەنعای پایتەخت و حودەیدە و سەعدای گرتووەتەوە. 
 
هەروەها ئاشکراشیان کردووە، ئەو پێگانەی لە هێرشەکانی ئەمریکا و بەریتانیا کراونەتە ئامانج، بریتی بوون لە فڕۆکەخانە سەربازییەکان لە سەنعا و حودەیدە و عەبس و هەروەها بنکەیەکی سەربازی لە نزیک شاری سەعدا. 
 
رۆژی 10ی ئەم مانگە، هێزەکانی ئەمریکا و بەریتانیا، 18 درۆن و سێ مووشەکی حووسییەکانیان لەسەر دەریای سوور تێکشکاند. لەدوای هێرشەکانیش، گرانت شاپس، وەزیری بەرگریی بەریتانیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای بەریتانیا، لە جۆری "تایفوون" بەشداربوون لە هێرشەکان. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی دوو هاونیشتمانییەکە کە ئاژانسی تاوانی نیشتمانیی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە

دوو هاونیشتمانی بە بردنی کۆچبەران بۆ بەریتانیا بە تاوانبار ناسێندران

دوو کوردی دانیشتووی بەریتانیا لە دادگەیەکی ئەو وڵاتە دانیان بەوەدا نا کە خەڵکیان بە قاچاخ بردووەتە ئەو وڵاتە. ئاژانسی تاوانی نیشتیمانیی بەریتانیا دەڵێت، قاچاخچییەکان چەندین ئۆفەری جیاوازیان پێشکێش بە کۆچبەران کردووە و زۆربەی کۆچبەرەکانیش گەیشتوونەتە بەریتانیا