هاووڵاتییانی چین دەتوانن لەڕێگەی رووخسار و لەپی دەستیانەوە لە شوێنە گشتییەکاندا پارە بدەن

رووداو - چین

تەکنەلۆژیا لە چین بەجۆرێک پێشکەوتووە، کە ئێستا بە تەنیا سکانکردنی رووخسار و نێودەستیان، هاووڵاتییان دەتوانن هەم کاڵا و شتوومەک بکڕن هەروەها هەر هێڵێکی هاتووچۆش بەکاربهێنن، ئەو جۆرە سکانکردنە لەبری بەکارهێنانی کارتی هەژماری بانکی بەکاردێت.
 
ئەم جۆرە لە تەکنەلۆژیا هاوکارێکی باشە بۆ چارەسەری ئەو گرفتانەی کە تووشی هاووڵاتییان دەبێ لە لەبیرکردنی کارتەکانیان یاخود کیفی پارەکانیان. 
 
چین پێشەنگی جیهانە لە مامەڵە بە دراوی ئەلێکترۆنی، بەوەش نەوەستاوە ئێستا بۆ مامەڵەکردنی رۆژانە ئەم تەکنەلۆژیایەی داهێناوە. خشوان کارمەندێکی پەروەردەیە لەو وڵاتە بۆ کاری رۆژانە و بازاڕکردن بە سکانکردنی لەپی دەست و رووخساری پارەدەدات.
 
خشوان دەڵێت، "ئێستا من بەردەوام و لە هەموو شوێنێک لە رێگەی پارەدانی نێودەست و رووخسار پارەدەدەم. پێویست ناکات مۆبایل و جزدانەکەم یان هیچ شتێکی دیکە لەگەڵ خۆم هەڵبگرم. ئەوەندە پارەکەم هەبێت هیچ کێشەیەکی دیکە نابێت. هەروەها ئەگەر وڵاتانی رۆژئاوا یان شوێنەکانی دیکە پێیان وایە ئێمەی ئاسیایی هەموومان یەک رووخسارمان هەیە، یان وەک یەک دەردەکەوین، پارەدانی بە رێگای رووخسار ئەوە دەسەلمینێت کە هەڵەن، دەتوانن ببینن ئامێرەکان ئێمە دەناسنەوە، هەموو کەسێک جیاوازە، ئەگەرنا، پارەی کەسێک لەلایەن کەسێکی ترەوە خەرج دەکرێت. شتی وا چۆن ده‌بێت؟"
 
91 %ـی مامەڵەکانی چین دیجیتاڵین و لەڕێگەی هەردوو ئەپڵیکەیشنی ویچات و ئەلیپەی دەکرێن، کۆمپانیای تێنسێن کە گەورەترین کۆمپانیای ئینتەرنێت و تێلیکۆمیونیکەشنە بەشی پارەدانی بە سکانکردنی لەپی دەست و رووخسار کارا کردووە. لە ساڵی 2023 زیاتر لە 292 ملیار مامەڵە یان گواستنەوەی دراو بەبڕی 336 تریلیۆن یوانی چینی کراوە. 
 
ژۆو جیانگلوو، خوێندکارە و لەبارەی ئەو داهێنانەوە دەڵێت، "سەرەتا لە ئینتەرنێتدا گوێم لە پارەدانی لەڕێی نێودەست بوو، ئێستاش دەبینم کە بووەتە راستی، بەکارهێنانی زۆر ئاسان و خۆشە، دواتریش سوودێکی زۆری هەیە بۆ ژیانمان. هەرگیز بە خەیاڵمدا نەدەهات پارەدان بەلەپی دەست بێتە ژیانمانەوە. ئێستا کە خۆم بەکاری دەهێنم، هەست دەکەم وڵاتەکەمان زۆر بە خێرایی لە بواری زانست و تەکنەلۆجیادا گەشە دەکات، من شانازی بە وڵاتەکەی خۆم دەکەم."
 
شی یاو، خوێندکارێکی دیکەیە، گوتی "پێم وایە بەکارهێنانی ئەم palm payment ـە گونجاوترە، ئەگەر تەکنیکێکی palm payment نەبێت، هەموو جارێک پێویستە قوفڵی ئایفۆنەکەم بکەمەوە بۆ چوونە ژوورەوە یان پارەدانم. یان کە خەڵکێکی زۆر لە نۆرەدان، کاتێک رێژەی خەڵک تاڕادەیەک زۆرە، ئێمە تەنیا نێودەستمان سکان دەکەین و دەتوانین بچینە ژوورەوە. دەتوانی بەخێرایی خزمەتگوزارییەکەت بەدەست بگات، زۆر گونجاوە."
 
ئەم شێوازە نوێیەی تەکنەلۆژیا لەڕووی ئاسایشی داتاکانەوە رووبەڕووی ئاستەنگ دەبێتەوە، چونکە داتای بایۆمەتریی بەکارهێنەران کۆدەکاتەوە، کە ئەگەر بە شێوەیەکی نادروست بەکاربهێنرێت دوورنییە ببێتە هۆی دزەپێکردنی داتاکان.