بایدن لەبارەی هێرشی سەر حووسییەکان: پەیامێکە کە چاوپۆشی لە هێرشکردنە سەر هێزەکانمان ناکەین

رووداو دیجیتاڵ 
  
سەرۆکی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، هێزەکانی ئەمریکا و بەریتانیا لە "کردەیەکی بەرگریدا" هێرشیان کردووەتە سەر حووسییەکانی یەمەن. 
 
رۆژی هەینی، 12ـی کانوونی دووەمی 2024، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، لەسەر فەرمانی ئەو، هێزەکانی ئەمریکا و بەریتانیا بە هاوکاریی ئوسترالیا، بەحرێن، کەنەدا و هۆڵەندا هێرشیان ردووەتە سەر چەند پێگەیەکی حووسییەکانی یەمەن. 
 
جۆ بایدن گوتیشی: "دوودڵ نابم لەوەی فەرمان بە کردەوەی سەربازی زیاتر دژی حووسییەکان بدەم، ئەگەر پێویست بکات".
 
بایدن دەشڵێت: "هێرشی بەردەوامی حووسییەکان بۆ سەر دەریای سوور، کارمەندانی ئەمریکا، دەریاوانە مەدەنییەکان و هاوپەیمانەکانمانی خستووەتە مەترسییەوە". هەروەها گوتیشی، "واشنتن و هاوپەیمانەکانی بەرگەی هێرشکردنە سەر کارمەندانی ئێمە ناگرن و رێگە بە دووژمنەکان نادەن کە ئازادی دەریایی بخەنە مەترسییەوە".
 
بەگوێرەی میدیای ئەمریکا، هێرشەکە بە فڕۆکە و کەشتی جەنگییەوە کراون و لە هێرشەکەدا چەند شارێکی یەمەن کراونەتە ئامانج، کە حووسییەکان تێیدا باڵادەستن.
 
عەبدولمەلیک حووسی، سەرکردەی حووسییەکان لە یەمەن لە راگەیێندراوێکدا باسی لە هێرشەکە کرد و گوتی: "هیچ هێرشیکی ئەمریکا بەبێ کاردانەوە نابێت". هەروەها گوتیشی، "دوودڵ نابین لە هەرکارێک کە پێمان بکرێت".
 
لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا باسی لەوە کرد "هێرشەکە توانای رادار، توانای مووشەک و دڕۆنی حووسییەکانی کردووەتە ئامانج".
 
وەزیری بەرگری ئەمریکا گوتیشی: "ئامانج لە هێرشەکە تێکدان و کەمکردنەوەی توانای حووسییەکانە لە مەترسی خستنە سەر بازرگانی جیهانی لە یەکێک لە گرنگترین رێڕەوە ئاوییەکانی جیهان".
 
وەزارەتی دەرەوەی سعودیەش راگەیێندراوێکی دەربارەی هێرشەکە بڵاوکردەوە و تێیدا نیگەرانی خۆی لەبارەی هێرشی سەر حووسییەکان راگەیاند و گوتی: "عەرەبستانی سعودیە زۆر نیگەرانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دەریای سوور و هێرشەکانی سەر چەند ناوچەیەکی یەمەنە".
 
ریشی سووناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا راگەیێندراوێکی دەربارەی هێرشەکە بڵاوکردەوە و گوتی: "سەرەڕای هۆشدارییە دووبارەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، حووسییەکان بەردوام بوون لە ‌هێرشکردنە سەر دەریای سوور".
 
سوناک گوتیشی: "ئێمە شانبەشانی ئەمریکا، هەنگاوێکی سنووردار، پێویست و رێژەییمان لە بەرگریکردن لە خۆمان گرتووەتەبەر بۆ کەمکردنەوەی توانا سەربازییەکانی حووسییەکان و پاراستنی کەشتیوانی جیهانی".
 
حووسییەکان کە بە هێزێکی نزیک لە ئێران دادەندرێن لە ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووشەوە هێرشیان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکانی دەریای سووری دەستپێکردووە و دەڵێن، "هێرشەکانمان هاوسۆزییە بۆ فەلەستین."
 
رۆژی 15-12-2023، دوو گەورە کۆمپانیای بازرگانیی کەشتی لە جیهان بە ناوەکانی مایەرسک (Maersk) و هاپاگ لۆید (Hapag-Lloyd) بڵاویانکردەوە، "بەهۆی هێرشی حووسییەکانی یەمەنەوە گەشتی کەشتییەکانیان لە دەریای سوورەوە وەستاندووە."
 
بەهۆی هەڕەشەکانی حوسییەکانەوە، تاوەکو 5ـی ئەم مانگە، لەکۆی 10 گەورە کۆمپانیای گواستنەوەی دەریایی، 8ـیان گەشتەکانیان لە دەریای سوور راگرتووە.
 
 
حووسییەکان، کە لە ساڵی 2014ـەوە دەستیان بەسەر سەنعای پایتەختی یەمەندا گرتووە، خۆیان بە بەشێک لە "بەرەی مقاوەمە" دەزانن.
 
بەپێی ژووری کەشتیوانیی نێودەوڵەتی، 12%ی بازرگانیی جیهان لە رێگەی دەریای سوورەوە دەکرێت و ساڵانەش لانیکەم 17 هەزار کەشتیی بازرگانی بە دەریای سووردا تێدەپەڕن.