هیندستان چوارەم گەورە بازاڕی ئۆتۆمبێل لە جیهاندا؛ پار بە بەهای 100 ملیار دۆلار ئۆتۆمبێل فرۆشراوە


رووداو دیجیتاڵ 

ئۆتۆمبێلی کارەبایی کۆمپانیای لێگزێس مۆدێلی (ئێڵ ئێف سی) لە پێشانگای ئۆتۆمبێلی هیندستان لە شاری (گرەیتەر نۆیدا) پێشاندراوە. بەپێی شارەزایانی بازاڕی ئۆتۆمبێل، هیندستان یەکێکە لە بازاڕە گونجاوەکان بۆ ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان. 
 
ریچیت هیرانی، خاوەنی کۆمپانیای مۆتۆر ئۆکتان دەڵێت، "لەلایەن کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری ناوخۆیی تەنیا یەک ئۆتۆمبێلی کارەبایی بەرز دروستکراوە. بە بڕوای ئێمە هیندستان دەبێتە گەورەترین بازاڕی ئۆتۆمبێلی کارەبایی و دەبێتە وڵاتێک بۆ داهێنان لەو بارەیەوە."
 
ئۆتۆمبێلی کارەبایی (ئایک نیک 5)ی کۆمپانیای هیۆندا بە یەکجار بارگاویکردن 481 کیلۆمەتر رێگە دەبڕێت. نرخەکەیشی کەمێک کەمترە لە 60 هەزار دۆلار. 
 
هیندستان لە ساڵی 2022ـدا چوارەم گەورە بازاڕی ئۆتۆمبێل لە جیهاندا بووە و بە بەهای 100 ملیار دۆلار ئۆتۆمبێل لەو ساڵەدا فرۆشراوە.
 
ڤیلاس دیسپاندێ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ڤایڤ مۆبیلیتی باسی لەوە کرد، "پێمانوایە داهاتووی ئۆتۆمبێل چەند جۆرێکە. بەوپێیەی کە جۆری جیاوازی ئۆتۆمبێل لەسەر رێگاکان دەبینین. ئەوەی کە ئێستا دەبینین ئۆتۆمبێلی گەورەی بەرز و ئۆتۆمبێلی ئاساییە کە لەسەر رێگاکانن، بەڵام بەشی ئۆتۆمبێلی بچووک بە تەواوەتی فەرامۆش کراوە. پێمانوایە ئەمە ئەو بەشەیە کە زیاترین ئۆتۆمبێلی کارەبایی لەوێدا دروستدەکرێت." 
 
ساڵی 2022 نزیکەی سێ ملیۆن ئۆتۆمبێل لە هیندستان فرۆشراوە کە تەنیا 1٪ی ئەو ئۆتۆمبێلانە کارەبایی بوون. حکومەتی هیندستان پلانی هەیە تاوەکو 2030 ئەو رێژەیە بەرزبکاتەوە بۆ 30٪.