ئێف بی ئای هۆشداریی لەبارەی هێرشی چەکداری لە ئەمریکا دەدات
رووداو دیجیتاڵ
بەشێک لە لایەنگرانی ترەمپ تاوەکو ئێستاش پێیانوایە ساختەکاری لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کراوە و نایانەوێت دەستاودەستکردنی دەسەڵات لە ئەمریکا بەهێمنی بەڕێوەبچێت، پۆلیسی فیدڕاڵیی ئەمریکاش پێیوایە لە رۆژی رادەستکردنی دەسەڵات ئەگەری هێرشی چەکداری لە هەر پەنجا ویلایەتەکە هەیە.
سەرچاوەیەک لە پۆلیسی فیدڕاڵیی ئەمریکا بە ئاژانسی هەواڵیی رۆیتەرزی راگەیاندووە، لەکاتی رادەستکردنی دەسەڵات لە 20ـی کانوونی دووەم ئەگەری هێرشی چەکداری هەیە لە واشنتن و هەموو ویلایەتەکانی دیکەی ئەمریکا کە رەنگە لە هێرشەکانی سەر کۆنگرێسی ئەمریکا مەترسیدارتر بن.
لە هەڵبژاردنی 3ـی تشرینی دووەم جۆ بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا توانیی سەربکەوێت بەسەر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بەڵام تاوەکو ئێستاش بەشێک لە کۆمارییەکان دانیان بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان نەناوە.
وەکو هەوڵێک بۆ رێگریکردن لە تووندوتیژی، بڕیارە ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا نزیکەی 15 هەزار سەربازی بنێرێتە واشنتن، جگە لەوەش رێگریکراوە لە هاتنی گەشتیار تاوەکو 24ـی کانوونی دووەم. دانیاڵ هۆکانسن، سەرۆکی ئاسایشی نەتەوەیی دەڵێت: تاوەکو رۆژی شەممە 10 هەزار سەرباز دەنێرین بۆ واشنتن لەپێناو پاراستنی لایەنی ئەمنی پایتەختی وڵاتەکە.
کریس مۆرفی، سێناتۆرێکی دیموکراتەکان داوای لە وەزارەتی بەرگری کردووە کە ئەوانیش چاودێریی رەوشەکە بکەن، چونکە پێیوایە ئاسایشی نەتەوەیی ناتوانێت بەتەنیا کۆنترۆڵی دۆخەکە بکات.
جۆ بایدن لەبارەی رۆژی سوێندخواردنەوە دەڵێت: "هیچ ترسێکم لەو رۆژە نییە"، بەڵام ئاماژە بەوەش دەکات کە دەبێت ئەو کەسانەی هەڕەشە بۆ ژیانی خەڵک دروستدەکەن، دەستبەسەر بکرێن.
دوای ئەوەی ئەنجوومەنی هەڵبژێری ئەمریکا دەنگیان لەسەر بەربژێرەکانی سەرۆکایەتی دا، کۆنگرێسی ئەمریکا لە رێوڕەسمێکدا ئەنجامی دەنگەکان و تانەکان رادەگەیێنێت. لە 06-01-2021 کۆنگرێس تانەکانی لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا رەتکردەوە، بەڵام پێنس رایگەیاند، ئەو دەسەڵاتی نییە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان رەتبکاتەوە.
بەشێک لە لایەنگرانی دۆناڵد ترەمپ لەکاتی رێوڕەسمەکەدا هەڵیانکوتایە سەر کۆنگرێس و کۆبوونەوەکانیان راگرت. شەڕ و رووبەڕووبوونەوە روویدا، بەو هۆیەوە پێنج کەس کوژران کە یەکێکیان پۆلیس بوو. هەروەها چەندین کەسی دیکەش لە خۆپێشاندەران و هێزە ئەمنییەکان برینداربوون.