سەرۆکی کۆریای باشوور: ئامادەم لەگەڵ كیم جۆنگ ئون دابنیشم

رووداو - هەولێر

کۆریای باشوور ئامادەیی خۆی بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ لەگەڵ کۆریای باکووردا راگەیاند بە مەبەستی هاتنەئارای گفتوگۆی ئاشتی لەنێوان سیۆل و پیانگیۆنگ، لە پێناو یەکخستنەوە و کۆتاییهێنان بە دووبەرەکی و ململانێکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە کە ماوەی نیوسەدەیە بەردەوامە.

پارک گیون هی، سەرۆکی کۆریای باشوور لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە سیۆل ئاماژەی بەوە کرد، ئەو ئامادەیە راستەوخۆ لەگەڵ کیم جونگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور دابنیشێت و هیچ مەرجێکی پێشوەختیشی بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆکان نییە. بەڵام ئاماژەی بەوە کردووە، ئەگەر کۆریای باکوور واز لە تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکانی نەهێنیت، ئەوا دانیشتنەکان نابنە رێگایەک بۆ فەراهەمکردنی ئاشتی لەنیوان ئەو دوو وڵاتەدا.

پێشتر سەرۆکەکانی پێشووتری کۆریای باشوور لە دوو هەوڵی جیاوازدا لەگەڵ کیم جۆنگی دووەم باوکی سەرۆکی ئێستای کۆریای باکوور، دەستیان بە گفتوگۆکردن کردبوو، بەڵام لەبەرئەوەی کۆریای باکوور، هەرچەندە پەیمانی دابوو کۆتایی بە پرۆگرامە ئەتۆمییەکانی بهێنێت، جارێکی دیکە دەستیکردەوە بە تاقیکردنەوە مووشەکی جۆراوجۆر و هەوڵدان بۆ دروستکردنی کڵاوەی ئەتۆمی. بۆیە گفتوگۆکان شکستیان هێنا.

کۆریای باکوور تاوەکو ئێستا سێجار بووەتە هۆی پەکستنی دانوستاندنەکان، ئەویش بەهۆی ئەوەی لەساڵی ٢٠٠٦ و ٢٠٠٧ و ٢٠٠٩ دەستی بە تاقیکردنەوەی چەکی ئەتۆمی کرد و بەو هۆیەشەوە لەهەرسێ جارەکەدا نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاری دانانی سزای زیاتری لەسەر کۆریای باکوور داناوە.

پێش دوو هەفتە کیم جونگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور ئاماژەی بەوە کردبوو ئەو ئامادەیی ئەوەی تیدایە، گفتوگۆکان لەگەڵ کۆریای باشووردا دەستپێبکات لەپێناو گەیشتن بە چارەسەر و بەدیهێنانی کۆریایەکی یەکگرتوو، بەڵام لەدوای ئەو لێداوانەوە سەرەڕای لێداوانی بەرپرسانی کۆریای باشوور بۆ بەدەنگەوەهاتنی پیشنیازەکەی سەرۆکی کۆریای باکوور، هیچ ئاماژەی لەلایەن کۆرای باکوورەوە لەمەڕ  ئامادەییان بۆ دەسپێکردنی گفتوگۆکان نەبینراوە.