جیهان لەبارەی دۆخی نوێی سووریا چاوی لەسەر نەتەوە یەکگرتووەکانە

 رووداو دیجیتاڵ 

 
لەدوای رووخانی رژێمی سووریا، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی لەسەر دۆخی وڵاتەکە ریکخست و دوایین پێشهاتەکانی تاوتوی کران. جیهان چاوی لەسەر ئەوەیە کە نەتەوە یەکگرتووەکان چیدەکات و بەتایبەتی نوێنەرانی ئەنجوومەنی ئاسایش لەوبارەیەوە چی دەڵێن؟
 
تۆڕی میدیایی رووداو لە شوێنی کۆبوونەوەکە ئامادە بوو و بۆچوونی ئەندامانی نەتەوە یەکگرتووەکانی لەسەر دۆخی سووریا وەرگرت. 
 
فوو کۆنگ، نوێنەری چین لە نەتەوە یەکگرتووەکان لەوبارەیەوە گوتی "ئێمە لە نزیکەوە چاودێریی دۆخی ناوچەکە دەکەین، حەزدەکەین ببینین دۆخی وڵاتەکە بەشێوەیەکی خێرا ئارام ببێتەوە. هەروەها هیوادارین پرۆسەیەکی سیاسی بەگشتی و خێرایی دەستپێبکات. پێویستە پارت و لایەنە سیاسییەکانی سووریا لە کاتی گفتوگۆکردندا بەرژەوەندییەکانی گەلی سووریا بکەنە کاری لەپێشینەیان و هیوادارین گۆڕانکارییەکی گشتی روو بدات."
 
جەیمس کاریکووی، جێگری نوێنەری بەریتانیاش لە نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی، "حەزدەکەین گوێ لە گیێر پێدەرسن، نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سووریا بگرین و بزانین چی لەبارەی پرۆسەی سیاسی لە سووریا و ئاییندەی وڵاتەکە دەڵێ، گەلی سووریا و ئێمە ساڵانێکی زۆرە چاوەڕێی رۆژێکی وا دەکەین."
 
رۆبەرت ود، جێگری نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان باسی لە حکومەتی نوێی سووریا کرد و گوتی، "ئێمە کارەکانی ئیدارەی نوێی سووریا دەبینین و هیوادارین لە ئاست چاوەڕوانییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دا بن، کاتێکی زۆر بەنرخە بۆ سووریاییەکان و پێویستە چێژ لەو کاتە ببینن. ئەوان ماوەیەکی زۆرە لە دۆخێکی خراپدا دەژین، ئێستا کاتی ئەوانە و پێویستە رێزیان لێبگرین." 
 
جێگری نوێنەری ئەمریکا هەروەها گوتی،"ئێمە، بەرژەوەندییەکانمان لە سووریا دەپارێزین، واتە پارێزگاری لە کارمەندەکانمان دەکەین، لە ئێستاوە باوەڕمان بەوە دەبێت کە دۆست و هاوپەیمانەکانمان لەم دۆخە نوێیە بەرژەوەندیی ئەمنییان هەیە، هەرچی لە تواناماندا بێت دەیکەین بۆ رێگریکردن لە روودانی کارەساتی مرۆیی."
 
هەرچەندە کۆبوونەوەکە لەسەر داوای رووسیا ئەنجامدرا، بەڵام پێش کۆبوونەوەکە نوێنەری رووسیا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی نەدایەوە.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، گیێر پێدەرسن، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سووریا، ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایشی لە دوایین پێشهاتەکانی سووریا ئاگادار دەکاتەوە و نێردراوە تایبەتەکە ئیمەیڵێکیشی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو نارد، کە تێیدا دەڵێ ئەوان حەز دەکەن قۆناخێکی سیاسیی نوێ لە سووریا دەستپێبکات.