هۆڵەندا هاووڵاتییەکی خۆی لەسەر کوردانی ئێزدی بە "تاوانباری دژی مرۆڤایەتی" دەناسێنێ

رووداو دێنهاخ

بۆ یەکەمجار لە مێژووی دادگەکانی وڵاتانی رۆژئاوا، کەیسێکی ئێزدییەکان بە "تاوانی دژی مرۆڤایەتی" ناسێندرا. 
 
دادگەی شاری دێنهاخی هۆڵەندا لەگەڵ ئەو ناساندنە، حوکمی 10 ساڵ زیندانیشی بۆ هاووڵاتییەکی هۆڵەندی لەسەر "بەکۆیلەکردن"ـی ژنێکی ئێزدیی رفێندراوی دەستی داعش بڕییەوە. 
 
داواکاری گشتی، داوای 8 ساڵ زیندانیکردنی بۆ (حەسنا ئا.)ـی 33 ساڵ کردبوو؛ دادگەکەی دێنهاخ سزای داواکراوەکەی پێ کەم بوو و دوو ساڵی دیکەی بۆ زیادکرد.
 
(حەسنا ئا.) ژنە هاووڵاتیێکی هۆڵەندیی بە بنەچە خەڵکی مەغریبە. لەکاتی دروستبوونی داعشدا لەگەڵ منداڵەکانی دەچێتە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش. 
 
دادگای دێنهاخ لە حوکمەکەیدا، کە رووداو دەقەکەی دەستکەوتووە، لەسەر چوار بنەما حوکمەکەی دەرکردووە "یەکەمیان ئەوەیە ژنێکی ئێزدیی کردووەتە کۆیلە و لە سووریا کاری پێکردووە"، دادگەکە سێ هۆکارەکەی دیکەی بە "ئەندامیێتیی داعش، ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی و دروستکردنی مەترسی لەسەر ژیانی منداڵەکانی لە ناوچەیەکی مەترسیدار" دەستنیشانکردووە. 
 
ژنە هۆڵەندییەکە منداڵێکی ئەوکات 4 ساڵەی پێبووە، کە خاوەن پێداویستیی تایبەت بووە. جگە لەویش بەهۆی هاوسەرگیریکردن لەگەڵ ژمارەیەک لە چەکدارانی داعش، منداڵی دیکەشی بوون و ژیانی ئەوانیشی خستووەتە مەترسییەوە. 
 
لەکاتی راگەیاندنی حوکمی دادگە هۆڵەندییەکەدا ژنە ئێزدییە رزگاربووەکەش، کە تەنیا پیتی یەکەمی ناوەکەی ئاشکرا کراوە کە (ز.)ـە ئامادەبووە.
 
ژنە هۆڵەندییەکە، لە یەکێک لەو جارانەدا کە شووی بە چەکدارێکی داعش کردووە، چەکدارەکە ژنە ئێزدییە رفێندراوەکەی لەلا بووە، ژنە هۆڵەندییەکە خزمەتی منداڵەکانی و کاری دیکەی پێکردووە.
 
ژنە ئێزدییەکەش دایکی سێ کچ و کوڕێک بووە، کە هەموویان رفێندرابوون. هەرسێ کچەکە لە دایکیان جیاکراونەتەوە و کڕین و فرۆشتنیان پێکراوە. بەپێی زانیارییەکان دوو لە کچەکانی لە ژیاندا نەماون و تەنیا کچێک و کوڕەکە رزگاریان بووە. 
 
لە ئابی 2014، چەکدارانی داعش هێرشیانکردە سەر شنگال؛ چەندین پیاو و مێرمنداڵی کوڕیان کوشت و هەزاران ژن و کچیان بە بارمتە گرت، نزیکەی 300 هەزار ئێزدیی دانیشتووی شنگالیش ماڵەکانیان جێهێشت و ئاوارەبوون. 
 
داعش لە 2017 بەزێنرا، بەڵام هێشتا کەمتر لە نیوەی دانیشتووانی شنگال، گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان.
 
حەسنا ئا. یەکێک بوو لەو 12 ژنە هۆڵەندییەی لە شوباتی 2022، لەگەڵ 28 منداڵ لە کامپێکی ئاوارەکان لە باکووری سووریا، رەوانەی هۆڵەندا کرانەوە. لەوکاتەوە لە ناوەندێکی چاودێری هێشتراوەتەوە و منداڵەکانی لە ناوەندێکی تایبەت بە پاراستن و چاودێریی منداڵانن.
 
سەرەتا حکومەتی هۆڵەندا رەتیکردەوە ژنەکان وەربگرێتەوە، بەڵام دادگەیەکی هۆڵەندا بڕیاری دا ئەگەر نەگەڕێنرێنەوە، پرۆسەی دادگاییکردن و لێکۆڵینەوە لێیان ناکرێت.
 
لەماوەی دادگاییکردنی حەسنا، ئەو ژنە ئێزدییە بە دادگەی گوت "کوڕێکم هەبوو، کوڕەکەیان لێسەندم و بۆ کامپێکی مەشق و راهێنانی داعشیان نارد. لەو ژنە پاڕامەوە رێگەمبدات تەلەفۆن بۆ کوڕەکەم بکەم، بەڵام رێگەی نەدەدام."
 
حەسنا قسەکانی (ز)ـی رەتکردەوە، هەروەها لە دانیشتنێکی مانگی تشرینی یەکەم بە دادگەی گوت "هاوژینەکەم لە (ز.) بەرپرسیار بوو، من نەبووم. من ژیانی خۆم دەژیام و خۆم ژوورەکەم پاکدەکردەوە."
 
ژنە هۆڵەندییەکە هەر پێداگیر بووە لەوەی بێگوناهە و دادوەران هەستیان نەکردووە لە کردەوەکانی پەشیمان بێت. بۆیە ویستوویانە سزای تووندتری بدەن، بەڵام بۆیان دەرکەوتووە بەهۆی ئەو شتانەی بەسەری هاتووە و مانەوەی لە کەمپی هۆل، دۆخی دەروونیی شێواوە. بۆیە 10 ساڵ زیندانی بە گونجاو زاندراوە.